لە سلێمانی یادکردنەوەی عاشوورا بەڕێوەچوو

کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا
شێخ حسێن خۆشناو، پێشنوێژ و وتارخوێن لە حسێنییەی ئەلحەکیم لە سلێمانی
شێخ حسێن خۆشناو، پێشنوێژ و وتارخوێن لە حسێنییەی ئەلحەکیم لە سلێمانی

ڕێوڕەسمی عاشوورا لە حسێنییەی ئەلحەکیم لە شاری سلێمانی بە بەشداریی چین و توێژە جیاوازەکان و پەیڕەوانی مەزهەب و ئایینەکانی دیکە بەڕێوەچوو، تێیدا لە پاڵ یادکردنەوەی پەیامی ئیمام حسێن، خواردنی نەریتیی ئەم یادە ئامادە کرا و بەسەر شینگێڕان و هاوژینگەکانیاندا دابەش کرا.

ماتەمینی و دابەشکردنی خواردنی خێر

ڕێوڕەسمەکانی عاشوورا لە سلێمانی بەڕێوەچوو و لە حسێنییەی ئەلحەکیم ڕێوڕەسمەکە ڕێکخرا و خواردن بۆ شینگێڕان و هاووڵاتییانی شیعەمەزهەب دروستکرا و بەسەریاندا دابەشکرا.

بەشداریی پێکهاتە جیاوازەکان لە سلێمانی

شێخ حسێن خۆشناو، پێشنوێژ و وتارخوێن لە حسێنییەی ئەلحەکیم بۆ کەناڵ8 ڕایگەیاند، لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا ڕێوڕەسمێکی فراوانیان ئامادەکردووە و ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێوڕەسمەکە بە بەشداریی چین و توێژە جیاوازەکان و پەیڕەوانی ئایین و مەزهەبەکانی دیکەی وەک سوننە، بە خوێندنەوەی قورئان و یادکردنەوەی ڕووداوەکانی کەربەلا و شەهیدبوونی ئیمام حسێن بەڕێوەچووە و سوپاسی هێزە ئەمنییەکانیشی کرد.

ڕوانگەی مەرجەعییەت لەسەر دابونەریتەکانی شینگێڕان

شێخ حسێن خۆشناو، پێشنوێژ و وتارخوێن لە حسێنییەی ئەلحەکیم لەبارەی شێوازی یادکردنەوەی عاشوورا و شینگێڕان و لەخۆدانیشەوە گوتی، مەرجەعییەتی ئێران و عێراق پێیانوایە، ئەو کارە لە دەرەوەی شیعەوە هاتووەتە ناو مەزهەبەکەوە، بەگوتەی ئەو؛ لەخۆدانێکی کەم ڕێگەپێدراوە، بەڵام خۆبریندارکردن و زنجیر لەخۆدان، لە مەزهەبەکەیاندا دروست نییە.

نەریتی ئامادەکردنی خواردن لە 10 ڕۆژی موحەڕەمدا

سەرپەرشتیاری دروستکردنی خواردن لە حسێنییەی ئەلحەکیم لە سلێمانی لەبارەی شێوازی کاتی دابەشکردنی خێرەکان و خواردنەکانەوە زیاتر ڕوونیکردەوە و گوتی، "ئێمە لە عاشوورا و لە حسێنییەی ئەلحەکیم لە سلێمانی - هەرێمی کوردستان، لە یەکی موحەڕەمەوە تاوەکو 10ـی موحەڕەم ئەم خواردنە ئامادە دەکەین، بەڵام لە 10ـی موحەڕەمدا زۆر زیاتر دروست دەکەین و دەگاتە لووتکە، واتە لەو ڕۆژەی کە شەهیدکرا، ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی دروستکردنی ئەم خواردنەیە و خواردن دروست ناکەین، لە ڕۆژانی داهاتوودا بە یادکردنەوەی بەردەوام دەبین، بەڵام خواردن دروستکردن و بەخشینەوەی تەنیا 10 ڕۆژە، برنج خواردنێکی بەناوبانگە و قیمە و هەریسە دروست دەکەین، لە ڕۆژی 13ـی عاشووراش کە ڕۆژی ناشتنی شەهیدەکانە، ئەو کات هەریسە دروست دەکەین و خەڵکی دەیبات".

کیژان مەحمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا