نەعیم قاسم: ئیسرائیل هیچ هەڵبژاردەیەکی نییە جگە لە کشانەوەی بێ مەرج لە باشووری لوبنان

شێوە عومەر 1 کاتژمێر پێش ئێستا
نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵا
نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵا

لەکاتێکدا شاندی حیزبوڵا و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە واشنتن لە دانوستانێکی ڕاستەوخۆدان، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵا جەخت لە کشانەوەی بێ مەرجی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەکاتەوە؛ هاوکات بنیامین نەتانیاهوو ڕایدەگەیەنێت هێزەکانیان لە ناوچە ئەمنییەکە دەمێننەوە و ئێران وڵاتانیش ڕاگرتنی شەڕ دەکاتە مەرجی سەرەکیی ڕێککەوتنی ئاشتی.

مەرجەکانی کشانەوەی ئیسرائیل

نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵا لە وتارێکدا لە میانی یادکردنەوەی عاشوورا، لە کەناڵی مەناری حیزبوڵاوە ڕایگەیاند، ئیسرائیل هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە کشانەوەی تەواوەتی لە هەموو بستێکی خاکی لوبنان، ئیسرائیل دەبێت بەبێ هیچ سنووردارکردن و مەرجێک بڕوات.

سەروەریی خاکی لوبنان

نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵا جەختی لەوەش کردەوە، هیچ پابەندبوونێک دژی سەروەریی لوبنان قبووڵ ناکرێت و هیچ کەسێکیش مافی ئەوەی نییە هیچ ڕێککەوتنێک واژۆ بکات یان قبووڵی بکات.

پەیامی سەرکردایەتیی حیزبوڵا بۆ ئیسرائیل

ئەو سەرکردەیەی حیزبوڵا لەبارەی پاشەکشەی ئیسرائیلەوە گوتیشی، ئیسرائیل دەبێت بە سووکایەتی و شکستەوە بڕوات و هەر ئەمە ڕوودەدات.

هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە ئەمریکا

ئەم لێدوانانەی ئەمینداری گشتیی حیزبوڵا لەکاتێکدایە، هەردوو شاندی حیزبوڵا و ئیسرائیل لە واشنتنن و سەرقاڵی دانوستانن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.

مەرجی ئێران بۆ ئاشتی

هاوكات ڕاگرتنی شەڕ لە لوبنان، یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام تاوەکو ئێستا شەڕ لەو وڵاتە بەردەوامە.

بەردەوامیی پێکدادانەکان لە باشوور

ڕۆژی ڕابردوو، سوپای ئیسرائیل کوژرانی 6 چەکداری حیزبوڵای لە باشووری لوبنان ڕاگەیاند، سەرەڕای بەردەوامبوونی ئاگربەست.

ناکۆکیی ستراتیژیی نێوان هەردوولا

حیزبوڵا ڕژد لەسەر کشانەوەی ئیسرائیل لە باشووری خاکی لوبنان و ئیسرائیلیش بە مافی خۆی دەزانێت دژی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر باکووری خاکەکەی بوەستێتەوە.

هەڵوێستی نەتانیاهوو لەسەر مانەوەی هێزەکانیان

هەر لەم چوارچێوەیەدا بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە، هێزەکانیان لە ناوچەی ئەمنیی باشووری لوبنان دەمێننەوە، تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بێت.

شێوە عومەر

1 کاتژمێر پێش ئێستا