لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 157 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە

کیژان مەحمود 1 کاتژمێر پێش ئێستا
ناوەندێکی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران
ناوەندێکی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، تاوەکو 25ـی حوزەیران زیاتر لە 157 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە کە دەکاتە 40%ـی ئەو پشکەی لەلایەن بەغدادوە بۆ هەرێم دیاری کراوە؛ پرۆسەکەش تاوەکو 20ـی تەممووز بەردەوام دەبێت و پارێزگای سلێمانیش بەرزترین ئاستی وەرگرتنی گەنمی تۆمار کردووە.

ڕێژەی وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ڕێژەی وەرگرتنی بەرهەمی ئەمساڵەوە دەڵێت، تاوەکو 25ـی حوزەیران، لە هەرێمی کوردستان 40%ـی بەرهەمی گەنم کە زیاتر لە 157 هەزار تۆن دەکات، لە جووتیاران وەرگیراوە.

ئاماری وەرگرتنی گەنم لە سلێمانی

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەو بڕە، 54 هەزار و 495 تۆن گەنمیان لە جووتیارانی پارێزگای سلێمانی وەرگیراوە و بەرزترین ئاستی وەرگرتنی گەنمیشە لە هەرێمی کوردستان.

بڕی گەنمی وەرگیراو لە هەولێر و دهۆک

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لەبارەی بڕی گەنمی وەرگیراو لە پارێزگاکانی دیکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە هەولێر زیاتر لە 54 هەزار و 356 تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و لە دهۆکیش 48 هەزار و 490 تۆن گەنم وەرگیراوە.

کۆی گشتیی گەنمی وەرگیراو لە ماوەی دە ڕۆژدا

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆی گشتیی گەنمی وەرگیراوەوە گوتیشی، لە 13ـی حوزەیرانەوە تاوەکو 25ـی حوزەیرانی 2026، کۆی ئەو گەنمەی لە هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، زیاتر لە 157 هەزار و 341 تۆن گەنمە.

پشکی دیاریکراوی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدادەوە

ئەوە لەکاتێکدایە، لەلایەن عێراقەوە 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت بەجۆرێک، 292 هەزار تۆنیان لەناو پلان و 108 هەزار تۆنی دیکەشیان لە دەرەوەی پلانە و تاوەکو ئێستا 157 هەزار تۆن وەرگیراوە کە دەکاتە 40%ـی ئەو بڕەی لە بەغدادەوە دیاری کراوە.

وادەی کۆتاییهاتنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم

پێشتر نەوزاد شێخ کامیل ڕایگەیاندبوو، پرۆسەی وەرگرتنی گەنم تاوەکو 20ـی تەممووز بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی ئەو پشکەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کراوە کە 400 هەزار تۆنە بەتەواوی پڕ دەکرێتەوە.

توانای کۆگاکردنی سایلۆکانی هەرێم

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لەبارەی توانای سایلۆکانەوە ڕوونیشیکردەوە، لە سەرجەم سایلۆکانی هەرێمی کوردستان، بە سەرجەم پەنکەر و کۆگاکانییەوە، توانای کۆگاکردنی نزیکەی 1 ملیۆن تۆن گەنمیان هەیە.

جیاوازیی نرخی کڕینەوەی گەنم لە پلان و دەرەوەی پلاندا

حکومەتی فیدراڵ دوو نرخی جیاوازی بۆ کڕینەوەی گەنم لە جووتیاران دیاری کردووە، هەر تۆنێک گەنم کە لە ناو پلاندا بێت بە 700,000 دینار وەردەگیرێت، بەڵام گەنمی دەرەوەی پلان هەر تۆنێکی بە 500,000 دینار وەردەگیرێت.

بەڕێوچوونی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە پارێزگاکانی عێراق

لە عێراق وەرگرتنی گەنم لە 10 پارێزگای عێراق کۆتاییهاتووە و تاوەکو 13ـی حوزەیران بڕی 3 ملیۆن و 194 هەزار تۆن لەو 10 پارێزگایە وەرگیراوە و پرۆسەکە لە کەرکووک و نەینەوا و سەڵاحەدین بەردەوامە.

کیژان مەحمود

1 کاتژمێر پێش ئێستا