لە میانمار 50 تۆن ماددەی هۆشبەر بە بەهای 600 ملیۆن دۆلار سووتێنرا
ئەمڕۆ بەرپرسانی میانمار لە گەورەترین شاری وڵاتەکە، زیاتر لە 50 تۆن ماددەی هۆشبەریان بە بەهای نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار سووتاند.
جۆری مادە هۆشبەرەکان
لە بۆنەیەکدا لە شاری یانگۆن، ئەو ماددە هۆشبەرانەی پێکهاتبوون لە هێرۆوین، ئەفیۆن، کێتامین، مێتامفیتامین، ماریوانا و کریستاڵ، لەسەر چەند مێزێک ڕێزکرابوون و سووتێندران.

مێژوویەکی درێژ لە بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر
میانمار، خاوەنی مێژوویەکی درێژە لە بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر، ئەوەش بەهۆی ئەو بە ناسەقامگیرییە سیاسی و ئابوورییەی لە ئەنجامی دەیان ساڵ لە شەڕی ناوخۆ دروست بووە.
گەورەترین بەرهەمهێنەری هیرۆین لە جیهاندا
سەرەڕای هەوڵە دووبارەکان بۆ سەرکوتکردنی، میانمار وەکو سەرچاوەیەکی سەرەکیی ماددە هۆشبەرەکان ماوەتەوە کە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەنێردرێن و بۆ ماوەیەکی درێژ یەکێک بووە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی هێرۆین لە جیهاندا.

بەپێی قسەی شارەزایان، لە دوای کودەتاکەی ساڵی 2021، بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر لەو وڵاتە زیادیکردووە.
دەستگرتن بەسەر ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر
لە سەرەتای ئەمساڵدا، حکومەتی سەربازی میانمار ڕایگەیاند، گەورەترین دەستبەسەرداگرتنی ماددە هۆشبەرەکان و کەرەستەی دروستکردنیان لە مێژووی وڵاتدا ئەنجامداوە و دەستیان گرتووە بەسەر 12 شوێنی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر.
ئەوەی جێی سەرنجە، بەگوتەی پۆلیس، بەهای بازاڕی ماددە هۆشبەرەکانی ئەمساڵ، دوو هێندەی کۆی گشتیی ساڵی ڕابردووە.

تەنیا لە شاری یانگۆن، 31 جۆری جیاوازی ماددەی هۆشبەر، بە بەهای نزیکەی 321 ملیۆن دۆلار سووتێنراون.
لەلایەکی دیکەوە، حکومەت گرووپە چەکدارەکان تۆمەتبار دەکات بەوەی ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن بۆ دابینکردنی تێچووی یاخیبوونەکەیان و ئامادە نین بەشداری لە هیچ پرۆسەیەکی ئاشتیدا بکەن، چونکە نایانەوێت واز لە بازرگانییە پڕ قازانجەکان بهێنن.

1 کاتژمێر پێش ئێستا