ڕاوێژکارى کشتوکاڵى هەرێم: پابەندین بە ڕۆژمێرى کشتوکاڵى لەنێوان عێراق و هەرێمى کوردستان
عەلوەى سلێمانى ڕایگەیاند، بەغداد ڕێگرى لە ڕەوانەکردنى چەند بەرهەمێکى جووتیاران کردووە، وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێمى کوردستانیش سەرەڕاى پشتڕاستکرنەوەى زانیارییەکانى عەلوەى سلێمانى، جەختلەوە دەکەنەوە، ڕەزامەندى لە کشتوکاڵى عێراق وەرگیراوە بۆ ڕەوانەکردنى سەوزە و میوە.
ڕێگریکردن لە ڕەوانەکردنی هەندێک بەرهەمە کشتوکاڵییەکان
سەروەر عەلى، گوتەبێژى عەلوەى سلێمانى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، "ماوەى دوو هەفتەیە بەغداد ڕێگرى لە ڕەوانەکردنى بەرهەمى کولەکە و لۆبیا و تەماتەى چەند ناوچەیەک دەکات و ئەوەش گرفتى بۆ جووتیاران دروست کردووە، دەشڵێت، "لەگەڵ وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکومەتى هەرێمى کوردستان قسەمان کردووە و بەڵینیاندا چارەسەرى بکەن".
ڕێگەدراوە بە ڕەوانەکردنی تەماتە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق
هەروەها سروە محەمەد، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند ،" کۆمەڵێک جووتیارى هەرێمى کوردستان گلەییان دەکرد بەغداد ڕێگە نادات بەرهەمى تەماتە بۆ ناوەڕاست و خوارووى عێراق بڕوات".
ڕاشیگەیاند" پاش ئەوەى لەگەڵ وەزارەتى کشتوکاڵى حکومەتى عێراق گفتوگۆمان کرد و ڕەزامەندی دراوە و لەئێستا بەدواوە دەتوانن بەرهەمى تەماتە بۆ ناوەڕاست و خوارووى عێراق ڕەوانە بکەن".
هاوکات، ڕزگار حەمە خدر، ڕاویژکارى وەزارەتى کشتوکاڵ بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند"لە ناوەڕاستى مانگى ڕابردوو تا پێش چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە بازگەکانى باوە مەحموود و چیمەن و بازگەکانى دیکە ڕێگرى لە ڕەوانەکردنى سەوزە و میوەى هەرێمى کوردستان دەکرا".
ماوەی سێ ڕۆژە مۆڵەت بە ڕەوانەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان
ڕاشیگەیاند" لە 14ـى ئایارەوە نوسراومان ئاڕاستەى بەغداد کرد پاش ئەوەى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان ناردبووى بۆ وەزارەتى کشتوکاڵ، پاش چەندین هەواڵى وەزارەتمان لە 23ـى حوزیران وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق بڕیاریداوە و نوسراوى کردووە بۆ دەستەى دەروازە سنوورییەکان بەرهەمى کشتوکاڵى سەوزە و میوەى هەرێمى کوردستان ڕێگەى پێدەدرێت ڕەوانە بکرێت".
ڕاشیگەیاند"، وەک وەزارەتى کشتوکاڵى حکومەتى هەرێمى کوردستان پابەندین بە بڕیارەکانی بەغداد سەبارەت قەدەغەکردنی هەندێک لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کە خۆى لە نزیکەى 50 بابەتى جیاواز دەبینێتەوە".
ئەوەشى ڕوونکردەوە، حکومەتى هەرێمى کوردستان پابەندە بە بنەمای کەرەنتینەى کشتوکاڵى و هەموو ئەو بەرهەمە خۆماڵییەکانى هەرێمى کوردستان کە بۆ ناوەڕاست و خوارووى عێراق دەڕوات، پاڵپشتى عەلوە و بەڕێوەبەرایەتییەکانى کشتوکاڵیان لەگەڵدایە.
26/06/2026