بۆریی نوێی گازی كێڵگەی كۆرمۆر بە وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای سلێمانی بەسترایەوە
وەزارەتەکانى کارەبا و سامانەسرووشتییەکانى هەرێمى کوردستان ڕایانگەیاند، پرۆژەیەكی گرنگی ستراتیجی بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا جێبەجێكرا و لە ماوەی شەش کاتژمێردا توانیویانە بە سەركەوتوویی بۆریی نوێی گازی كێڵگەی كۆرمۆر بە وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای سلێمانی ببەستنەوە.
بە شەش کاتژمێر پرۆسەکە جێبەجێکراوە
هەردوو وەزارەتەکە لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، تیمە تەكنیكییەكانی هەردوو وەزارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەكانی هەردوو كۆمپانیای كار و دانەغاز لە ماوەی شەش کاتژمێردا توانیویانە بە سەركەوتوویی بۆریی نوێی گازی كێڵگەی كۆرمۆر بە وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای سلێمانی ببەستنەوە.
کاریگەریی ئەوتۆی نەخستە سەر ماوەکانی پێدانی کارەبا
لە ڕاگەیێنراوەکەشدا ئەوەشخراوەتەڕوو، وەزارەتی كارەبا بە پشتبەستن بە وێستگەكانی دیكەی كارەبا نەیهێشت لەكاتی بەستنەوەی بۆرییە نوێیەكە و ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وێستگەی سلێمانی، كاریگەرییەکی ئەوتۆ بكاتە سەر ماوەكانی پێدانی كارەبا.
ڕاشیانگەیاندووە، بەهۆی ئەم پرۆژەیەوە ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وێستگەی كارەبای سلێمانی زیاد دەکرێت.

3 کاتژمێر پێش ئێستا