عێراق قۆناغ بە قۆناغ دەستیکردووە بە گەڕانەوەی بڕی هەناردەی نەوت بۆ پێش جەنگ

شۆڕش محەمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
پرۆسەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی یەکێک لە کێڵگە نەوتییەکانی باشووری عێراق، فۆتۆ: AFP
پرۆسەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی یەکێک لە کێڵگە نەوتییەکانی باشووری عێراق، فۆتۆ: AFP

وەزارەتی نەوت ڕایگەیاند، ڕێکخراوی ئۆپێک دەستی کردووە بە گەڕاندنەوەی بڕی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ پێش سەردەمی جەنگ بە شێوەیەکی پلەبەندی، ئەمەش بە ئامانجی بەهێزکردنی توانای بەرهەمهێنان.

دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان

سەلیم ڕوکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتى عێراق دەڵێت، حکومەت جەخت لەسەر گرنگی دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی ئاستى بەرهەمهێنان دەکاتەوە، بە شێوەیەک کە لەگەڵ دۆخی وڵاتانی ئەندام و ڕێککەوتنەکاندا بگونجێت و بارودۆخی ئەمنی و ئابووریی تایبەت بە عێراق ڕەچاو بکات.

هەڵسەنگاندنی توانای بەرهەمهێنانی بەردەوامی وڵاتانی ئەندام

ڕوونیشی کردەوە، ڕێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی وەڵامی ئەم ئاڕاستەیەیان داوەتەوە لە ڕێگەی دەستپێکردنی پرۆسەی هەڵسەنگاندنی توانای بەرهەمهێنانی بەردەوامیی وڵاتانی ئەندام، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتیی سەربەخۆ و بە بەشداریی کارای عێراق بەگوێرەى خشتەی کاتی دیاریکراو.

گەڕانەوەی بڕە دیاریکراوەکانی بەرهەمهێنان

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتى عێراق ئاماژە بەوە دەکات، ئۆپێک و وڵاتانی هاوپەیمانی دەستیان کردووە بە گەڕاندنەوەی بڕە دیاریکراوەکانی بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی پلەبەندی، بەتایبەت کەمکردنەوە ئارەزوومەندانەکان لە مانگەکانی داهاتوودا، ئەمەش بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی توانای بەرهەمهێنانی عێراق.

لێکتێگەیشتنێکی ئاستبەرز لە نێوان وڵاتانی ئەندام

جەختیشى کردەوە، لێکتێگەیشتنێکی ئاستبەرز لە نێوان وڵاتانی ئەندامدا هەیە کە بارودۆخی نائاسایی عێراق لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوو و ئەو جەنگ و ئاڵنگاری و زیانانەی بەر ژێرخانی نەوتیی کەوتوون بەهۆی هێرشە تیرۆریستییەکانەوە، لەبەرچاو بگرێت.

بڕی هەناردەی عێراق پێش جەنگ

پێش جەنگى هاوبەشى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ڕۆژانە نزیکەی سێ ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد بەڵام لە مانگی ئایاری ڕابروودا ڕۆژانە نزیکەی 340 هەزار بەرمیلی لە ڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان و بەندەری بانیاسی سووریاوە هەناردە کردووە.

شۆڕش محەمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا