بۆ 10ـیەمین ڕۆژ گەڕان بەدواى تەرمى ئەو گەنجەى لە ڕووبارە سیرواندا خنکا بەردەوامە
گەڕان بەدواى تەرمى ئەو گەنجەى 10 ڕۆژ لەمەوبەر لە ڕووبارە سیروان خنکا بەردەوامە، ئەمڕۆ هەینى هێزەکانى پۆلیسى گەرمیان لە چەند ناوچەیەک گەڕان و پشکنینیان کرد.
هێزەکانی پۆلیسی گەرمیان بەردەوامن لە گەڕان
ڕاگەیاندنى پۆلیسى گەرمیان بڵاویکردووەتەوە، بە فەرمانی بەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیان و لەسەر ڕاسپاردەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، هێزی ئامادەی پۆلیسی گەرمیان و حەرەکاتی بەشی پۆلیسی کەلار، ئەمڕۆ هەینی، بەردەوامبوون لە گەڕان بەدوای تەرمی گەنجە خنکاوەکە.
ئەو شوێنانەی گەڕان بۆ گەنجە خنکاوەکە دەستیپێکردووە
ئاماژەى بەوەشکردووە، هێزەکانی پۆلیس لە کاتژمێر پێنجى بەیانییەوە گەڕانیان دەستپێکردووە و ناوچەکانی کڵۆجۆ، کۆکز، عەلی خەڵەف و بان سنوق بە شێوەی ورد پشکنی.
گەڕان بەردەوام دەبێت
ڕاگەیاندنى پۆلیسى گەرمیان ڕاشیگەیاندووە، ئەم گەڕانە تا دۆزینەوەی تەرمی گەنجە خنکاوەکە بەردەوام دەبێت .
ماوەی دەڕۆژە گەڕان بۆ تەرمەکە بەردەوامە
10 ڕۆژ لەمەوبەر و لە 17ـى حوزەیران گەنجێکى تەمەن 26 ساڵ بەناوى ئەحمەد لوقمان، لەکاتی ڕاوەماسیدا لە ڕووباری سیروان لە سنووری گەرمیان خنکا، بەڵام تاوەکو ئێستا تەرمەکەى نەدۆزراوەتەوە.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە 33 حاڵەتی خنکان تۆمارکراوە
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 33 حاڵەتی خنکان لە ناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە، بەرگریى شارستانیى هەرێمى کوردستان، هۆشدارى بەهاونیشتمانییان و گەشتیاران داوە و ڕایگەیاندووە، ئەمساڵ ئاوەکانى هەرێمى کوردستان بەهیچ شێوەیەک شیاوی مەلەکردن نین.
2 کاتژمێر پێش ئێستا