ئێران وەڵامى ڕاگەیێنراوە هاوبەشەکەى ئەمریکا و وڵاتانى کەنداوی دایەوە 

شۆڕش محەمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
وەزارەتی دەرەوەی ئێران
وەزارەتی دەرەوەی ئێران

وەزارەتى دەرەوەى ئێران وەڵامى ڕاگەیێنراوە هاوبەشەکەى ئەمریکا و ئەنجوومەنى هاریکاریى کەنداوى دایەوە و بە دەستوەردان و نابەرپرسیارانە و نیگەرانکەر ناوى دەبات.

"دەبێت گەرووى هوورمز بە هەماهەنگی لەگەڵ عوممان بەڕێوەببرێت"

لە ڕاگەیێنراوەکەى وەزارەتى دەرەوەى ئێران ئاماژە بەوە کراوە، تاران جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بە گوێرەى بڕگەکانى یاداشتى لێکگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا، دەبێت گەرووى هوورمز بە هەماهەنگی لەگەڵ عوممان بەڕێوەببرێت.

نیگەرانی لە بوونی هێزەکانی ئەمریکا

بەگوێرەى ڕاگەیێنراوەکە، بوونى سەربازیی ئەمریکا لە کەنداو سەرچاوەى نەمانى ئاسایش و ڕوودانى دابەشکارییە لە ناوچەکە.

هاوکات بەرپرسێکى باڵاى ئێران ئاماژەى بەوە کردووە، کە تێپەڕبوونی ئارام بە گەرووی هوورمزدا، لە دەرەوەی بڕیار و ڕێکخستنەکانی تاران، گرەنتی نەکراوە. 

دەستەبەرکردنی ئازادیی بێسنووری کەشتیوانی

ڕاگەیێنراوەکەی وەزارەتى دەرەوەى ئێران وەڵامێکە بۆ ڕاگەیێنراوێکى هاوبەشى ئەمریکا و وڵاتانى کەنداو کە تیایدا جەخت لە گرنگیی کردنەوەی گەرووی هوورمز و دەستەبەرکردنی ئازادیی بێسنووری کەشتیوانی لەو گەرووە دەکەنەوە و بە پێویستییەکی هەنووکەیی ناودەبەن بۆ ئاسایشی هەرێمی و جیهانی، دژایەتیی خۆشیان بۆ سەپاندنی هەر جۆرە ڕسووماتێک، باج، یان بڕە پارەیەک بەسەر کەشتییەکاندا لە گەرووی هوورمز دووپات کردەوە. 

شۆڕش محەمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا