لوبنان و ئیسرائیل بە چاودێریى ئەمریکا ڕێککەوتن
لوبنان و ئیسرائیل لە دوای گفتوگۆیەکی چەند ڕۆژی لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا گەیشتنە ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی سێقۆڵی و ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تەواوەتی.
گەلی لوبنان شایەتی ئاشتییە
لە میانەى واژۆکردنى ڕێککەوتنەکەدا مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، گەلی لوبنان شایەنی ئەوەیە لە ئاسایش و ئاشتیدا بژین، ئاماژەی بەوەش کرد، کە ڕێککەوتنەکە سەرەتایەکە و هێشتا کارێکی زۆر لەبەردەم لوبنان و ئیسرائیلدایە.
گێڕانەوەی سەروەری لوبنان
لای خۆیەوە، نادیە حەمادە، باڵیۆزی لوبنان لە واشنتن، ڕێککەوتنی چوارچێوەکەی بە هەنگاوی یەکەم لە ڕێگەی گێڕانەوەی سەروەریی لوبنان ناوبرد.
نەمانی ڕۆڵی حیزبوڵا و ئێران
هەروەها یەحیێل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتن گوتی، ئێران و بریکارەکانی ویستیان لە ڕێڕەوی ڕێککەوتنەکە لامان بدەن. گوتیشی، ئێران و حیزبوڵا چیتر لە ناو کایەکەدا نەماون.
دەستکەوتێکی گەورە
لەبارەى ڕێککەوتنەکە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ئیسرائیل. گوتیشى، ئیسرائیل لە پشتێنەی ئەمنیدا دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی حیزبوڵا چەک دەکرێت.
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە ، کە ڕێککەوتنەکە لێدانێکی بەهێزە بۆ ئێران کە هەوڵی دەدا پاشەکشە بە ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بکات.
گرژەکانی لوبنان
گرژییەکانى نێوان لوبنان و ئیسرائیل دەگەڕێتەوە بۆ ساتەوەختى کوژرانى عەلى خامنەئى، ڕێبەرى باڵاى ئێران کە لە 28ـى شوباتى 2026ـدا لە بۆردوومانێکى هاوبەشى ئەمریکا و ئیسرائیلدا کوژرا و لە تۆڵەى کوژرانى ڕێبەرى باڵاى ئێران حیزبوڵاى لوبنان ژمارەیەک مووشەکى ئاڕاستەى ئیسرائیل کرد و ئیسرائیلیش بە هەڵمەتێکی فراوانی هێرشی ئاسمانی و هێرشی زەمینی وەڵامی دایەوە.
لە نیسانى ڕابردووەوە لوبنان و ئیسرائیل دەستیان بە دانوستانى ڕاستەوخۆ کرد کە حیزبوڵا چەندین جار دژایەتی خۆی بۆ ئەو دانوستانانە دەربڕی.
2 کاتژمێر پێش ئێستا