سوپای ئەمریکا هێرشی کردە سەر ئێران
سوپای ئەمریکا چەند ئامانجێکی لە ئێران بۆردوومان کرد و دەڵێت، لە وەڵامی هێرشی ئێران بووە بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی لە هوورمز.
وەڵامێکی بەهێز بۆ هێرشی ڕۆژی پێنجشەممەی ئێران
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا(سێنتکۆم) لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، وەک وەڵامێکی بەهێز بۆ هێرشی ڕۆژی پێنجشەممەی ئێران بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی لە گەرووی هوورمز، هێزەکانیان هێرشییان کردووەتە سەر ئێران.
بۆردومانکردنی کۆگاو شوێنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان
سێنتکۆم دەڵێت، فڕۆکە جەنگییەکانیان کۆگا و شوێنی هەڵگرتنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ڕادارییان لە کەناراوەکانی ئێران کردووەتە ئامانج.
پێشتوانی لە هاتووچۆی سەلامەتیی دەریاوانی
سێنتکۆم جەختیکردووەتەوە، هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە پشتیوانی و هەماهەنگی بە ئامانجی هاتوچۆی سەلامەتیی کەشتییەکان بە گەرووی هوورمزدا، بۆ ئەمەش سوپای ئەمریکا بە هەموو هێز و توانایەوە حاز و ئامادەیە بۆ گرەنتی جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران.
دوای نزیکەی کاتژمێر و نیوێک، تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لە بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، هێرشەکان بۆ سەر ئێران کۆتاییان هاتووە.
هاوکات تەلەڤزیۆنی ئێران بڵاویکردەوە، دەنگی سێ تەقینەوە لە بەندەری سیریک لە هورمزگان بیستراوە و دوو مووشەک بەر تاوەری پەیوەندییەکان لەو ناوچەیە کەوتوون.
هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی خێرا
دوا بە دوای هێرشەکە ئاژانسی ئیسنا کە ئاژانسی فەرمیی ئێران بە ناوی سوپای پاسدارانەوە ڕاگەیێنراوی کورتی بڵاوکردەوە کە تیایدا هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی خێرا و توندی لە ئەمریکا کرد. بەڵام دوای کەمێک ئیسنا هەواڵەکەی سڕیەوە و ئاژانسی فارس نیوزیش لە سەرچاوەیەکی سوپای پاسدارانەوە ڕەتیکردەوە، کە ئەوان هیچ جۆرە ڕاگەیێنراوێکیان بڵاوکردبێتەوە.
ئێران پێداگرە کە دەبێت کۆنتڕۆڵی گەرووی هوورمزی بەدەستەوە بێت و لەوچوارچێوەیەشدا ڕۆژی پێنجشەممە لە نزیک کەناراوەکانی عوممان هێرشی کردە سەر کەشتیییەکی بازرگانی کە ئاڵای سەنگاپوورەی هەڵدابوو. دواتر دۆناڵد ترەمپ سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێرانی کرد و بە پێشێلکردنی ئاگربەستی دانا.
3 کاتژمێر پێش ئێستا