سەرۆکی لوبنان: ڕێککەوتن یەکەم هەنگاوە بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری

بەهزاد ئەحمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان
جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان

جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان ڕێککەوتنی چوارچێوەی لەگەڵ ئیسرائیل بە هەنگاوی یەکەم ناوبرد، بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی حکومەتی لوبنان بەسەر تەواوی خاکەکەیدا.

هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی سەروەریی لوبنان

سەرۆکی لوبنان لە ڕاگەیێنراوێکدا جەختی لەوە کردەوە، ئەو ڕێککەوتنە هەنگاوی یەکەمە بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتییانی لوبنان بۆ سەر خاک و ماڵەکانیان و گوتیشی، "ئێمە بەڵێنمانداوە سەروەریی تەواو بەرجەستە بکەین و بەردەوام بین لە کارکردن بۆ بەدیهێنانی".

ستایشی هەوڵی ئەمریکا لە دانوستانەکان

سەرۆکی لوبنان سوپاسی ئیدارەی ئەمریکا و سەرۆکەکەی کرد بەرامبەر بە هەوڵەکانیان لە بەڕێوەبردنی دانوستانەکان و پاڵپشتیکردن لە هەڵوێستی لوبنان، هاوکات ستایشی ڕۆڵی تیمی دانوستانکاری لوبنان و سەرجەم تیمەکانی دیکەی کرد.

ڕێککەوتنی ڕۆژی هەینی ئیسرائیل و لوبنان

ڕۆژی هەینی، هەریەکە لە باڵوێزانی لوبنان و ئیسرائیل بە سەرپەرشتنیی ئەمریکا ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیان لە واشنتن واژۆکرد، ئەمەش دوای چەند ڕۆژێک لە دانوستانەکان بەدەستهات بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری وڵاتەکە.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێش واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە گوتی: "ئەمڕۆ یەکەم هەنگاومان ناوە لە گەشتێکدا کە بێگومان قورس دەبێت، بەڵام گرنگ و جەوهەری و پێویستە".

بەهزاد ئەحمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا