باخچەلی دوو هەفتەیە باسی پرۆسەی چارەسەری نەکردووە
نزیکەی ساڵێک و نۆ مانگ بەسەر پڕۆسەی نوێی چارەسەریدا تێدەپەڕێت کە بە تەوقەکردنی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم) دەستی پێکرد و ناوی نا تورکیای بێتیرۆر.
دوای بڕیارەکەی ئۆجەلان
لە دوای بڕیاری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکە و چەکدانان، پڕۆسەکە بە کۆتاییهاتنی ڕاپۆرتی لیژنە پەرلەمانییەکە هەنگاوێکی گەورەی بڕی و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) دەسەڵاتدار ڕێبازێکی دوورەپەرێزانە و پڕئاگایی گرتەبەر. لەبارەی دەوڵەت باخچەلیشەوە، وا لێکدرایەوە کە ڕۆڵێکی ڕێگەخۆشکەر و ئاڕاستەکاری لەڕێگەی ڕاگەیێنراوەکەیەوە گێڕاوە.
زەمینەسازی بۆ پرۆسەکە
لە قۆناغی ئێستادا، باس لە پێشکەشکردنی یاسای چوارچێوە بە پەرلەمانی تورکیا دەکرێت کە زەمینەی یاسایی بۆ پڕۆسەکە سازدەکات.
بەڵام باخچەلی لە کۆبوونەوەکانی فراکسیۆنی پارتەکەی لە دوو هەفتەی ڕابردوودا، هیچ قسەیەکی لەسەر پرۆسەی "تورکیای بێتیرۆر" نەکردووە.
خوێندنەوە بۆ هەڵوێستی ئێستای باخچەلی
هەندێک لە بەرپرسانی مەهەپە ئەمە بۆ چڕیی ئەجێندا و ئەو بابەتانە دەگێڕنەوە کە لەو ڕۆژانەدا پێی باش بووە باسی بکات. بەڵام هەندێکی دیکە لەناو پارتەکەدا ئەم هەڵوێستەی باخچەلی بە شێوازی جیاواز لێکدەدەنەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، تەنانەت هەندێک جار بە نەخۆشی و لەسەر جێگەشەوە پەیامی سەبارەت بە پڕۆسەکە هەبووە.
پەیامی بێدەنگی بۆ پارتی داد و گەشەپێدان
ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای مەهەپە بە میدیایان ڕاگەیاندووە، باخچەلی کە تا ئێستا پەیامی زۆر ڕوونی سەبارەت بە پڕۆسەکە داوە، لە ڕێگەی "بێدەنگییەکەیەوە" پەیام دەداتە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار و دەڵێن: "سیاسەت تەنیا بە قسەکردن ناکرێت بەڵکو بە قسەنەکردنیش دەکرێت و کاتێکیش بەوشێوەیە کاتەکەی ڕێکدەخەیت، پەیامەکەت کاریگەریی زیاتر دەبێت لە قسەکردنت".
لێکدانەوەی مەهەپە
هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) باوەڕیان وایە ئەم هەڵوێست و بێدەنگییەی باخچەلی لەلایەن ئاکپارتی دەسەڵاتدارەوە وەڵامدراوەتەوە، ئاماژە بەو لێدوان و ڕاگەیێندراوانە دەکەن کە لە سەرەتای هەفتەی ڕابردووەوە یەک لە دوای یەک لەلایەن بەڕێوەبەرانی ئاکپارتییەوە سەبارەت بە یاسای چوارچێوە دراون و بڵاوکراونەتەوە.
بە گوتەی ئەم بەرپرسانەی مەهەپە گوتەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەکاتی هاتنە دەرەوەی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان کە سەبارەت بە یاسای چوارچێوە و ناردنی بۆ پەرلەمان پێش ئەوەی پشوو دەستپێبکات، کە گوتی: "هەرچییەکمان پێبکرێت دەیکەین" هەر لە چوارچێوەی ئەو وەڵامەدایە.
هێشتا ئاکپارتی ڕەشنووسی یاسای چوارچێوەی ڕادەستی مەهەپە نەکردووە
بەپێی ئەو زانیارییانەی سەرچاوەکانی مەهەپە بە میدیاکانیان داوە، ئاکپارتی هێشتا ڕەشنووسی یاسای چوارچێوەی ڕادەستی مەهەپە نەکردووە.
بەردەوامی بە کۆبوونەوەکان
بەرپرسێکی مەهەپە ئاماژەی بە بەردەوامیی کۆبوونەوەکان داوە، ڕایگەیاندووە ئەوان بیروڕایان لەبارەی یاسای چوارچێوە ئاڵوگۆڕکردووە.
ئاکپارتی کە کار لەسەر ڕەشنووسی یاسای چوارچێوەکە دەکات، هەڵوێستی سەرەتای نەرمتر کردووە کە دەیگوت، سەرەتا با چەکدانان پشتڕاستبکرێتەوە و دەستنیشانبکرێت، پاشان یاسای چوارچێوە دەربکرێت.
جەختکردنەوە لەسەر دوو بژاردە
ئەگەر بێت و یاسای چوارچێوە پێشکەشی پەرلەمان بکرێت، ئەوا جەخت لەسەر دوو بژاردە دەکرێتەوە، ئەوانیش میکانیزمێکی پشتڕاستکردنەوە و دەستنیشانکردن پێکبهێندرێت کە هاوتەریب لەگەڵ پڕۆسەی دانانی چەکدا بەڕێوەبچێت، یاخود ئەوەی جێبەجێکردنی یاساکە ببەسترێتەوە پشتڕاستکردنەوە و دەستنیشانکردنی چەکدانانەوە.
مەهەپە پێی وایە لەڕێگەی ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت "تا دوا چەک ڕادەست نەکرێت یاسا دەرناکرێت"، ناتوانرێت هیچ بەرەوپێشچوونێک بەدەست بهێنرێت.
لێکدانەوە بۆ خێراترکردنی پرۆسەی چەکدانان
بە ئاماژەدان بەوەی پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی داوە، مەهەپە باوەڕی وایە پێشکەشکردنی یاسای چوارچێوە بە پەرلەمان، پڕۆسەی چەکدانان خێراتر دەکات.
بەپرسانی مەهەپە باس لەوە دەکەن، کاتێک کە ڕەشنووسی یاساکە ئامادە کرا و پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرا، واتە تورکیا ئەمە بە جیهان ڕادەگەیەنێت و دەڵێن، "لە ڕووی ستراتیجییەوە دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ. چونکە بنەماکانی پەکەکە و پێکهاتە جوداییخوازەکانی دیکە بە تەواوەتی دادەڕمێن".
ئاماژە بەوەش دەکەن، ئەگەر پاش ئەوە کەسێک چەکی دانەنا، دەتوانیت هەڵبکوتیتە سەری و کەسیش لۆمەت ناکات بەڵکو دەستخۆشیت لێدەکەن.
بەرەنگاربوونەوەی پرۆسەکە
ئەگەرچی مەهەپە باس لەوە دەکات پڕۆسەکە بووەتە سیاسەتی دەوڵەت و ئەردۆغان چەند جارێکی جەختی لە هەمان بابەت کردووەتەوە، بەڵام لەناو فەرمانگەکانی دەوڵەت و و تەنانەت لەناو ئاکپارتیشدا، دەستەیەک هەن بەرەنگاری دەبنەوە و ڕێگریی لێدەکەن و هەر ئەمەشە وایکردووە، هەنگاوە یاساییەکە دوابکەوێت.
نیگەرانییەکی دیکەی مەهەپە ، ئەگەری قەتیسکردنی پڕۆسەکەیە لەناو پرس و خشتەی هەڵبژاردندا.
لێدوان و سەرنجی سەرۆکی فراکسیۆنی مەهەپە لە پەرلەمان
گوتهکانی 17ـی حوزەیرانی ئەرکان ئاکچای، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی مەهەپە لە پەرلەمان، جێگەی تێڕامان بوو، کاتێک گوتی: "کاتێک عەقڵی بیرۆکراسی خۆی دەخاتە جێگەی عەقڵی دەوڵەت، ئاسۆی دەوڵەت بەرتەسک دەبێتەوە، سیاسەت کورت دەبێتەوە بۆ دۆسیە، گەل بۆ ئامار، و مانەوەش بۆ ڕێکاری تەکنیکی".
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، مەهەپە لە نزیکەوە چاودێریی ئەو هەڵوێستە دەکات کە جەهەپە دەیگرێتەبەر کە لە ئێستادا بەهۆی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەوە بە کرداریی دابەش بووە.
بەگوێرەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان، ئاکپارتی و مەهەپە هیچ کێشەیەکیان نییە بۆ تێپەڕاندنی یاسای چوارچێوە لە پەرلەمان. بەڵام مەهەپە گرنگی بە پشتگیریی جەهەپە دەدات لە پێناو مانەوەی ئەو هەنگاوانەی کە سەبارەت بە پڕۆسەکە دەهاوێژرێن و لەڕووی قبوڵکردنیان لەلایەن چین و توێژەکانی کۆمەڵگەوە.
بە وەبیرهێنانەوەی ئەوەی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دوورخراوەی جەهەپە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی پارتەکەدا پشتگیری لە پڕۆسەکە کردووە، چاوەڕوان ناکرێت گۆڕانکارییەکی گەورە لەم هەڵوێستەی جەهەپەدا ڕووبدات.
بەڵام ژمارەیەک لە بەرپرسانی مەهەپە ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر ئۆزەل لە جەهەپە جیابێتەوە، دەبێت هەڵوێستی ئەو پارتە نوێیەی کە دایدەمەزرێنێت، ببینرێت. ئەگەر بێت و ئۆزەل و هاوەڵانی بەرەو هەمان ئاڕاستەی ئیی پارتی و پارتی زافەر بچن لەڕووی دژایەتییکردنی پرۆسەکەوە، ئەمە دەبێتە هۆی دابەشبوونێکی نوێ لەناو دەنگدەرانی ئۆپۆزسیۆندا.
2 کاتژمێر پێش ئێستا