دی لا فوێنتی: ئیسپانیا لەسەر ڕێگا ڕاستەکەیە
لویس دی لا فوینتی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، دوای بردنەوە قورسەکەیان بەرامبەر ئۆرۆگوای ستایشی توانای خۆڕاگریی تیپەکەی کرد ، کە بەهۆیەوە ئیسپانیا بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەی هەشتەم گەیشتە قۆناغی داهاتووی مۆندیال، ڕاهێنەرەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە یاریزانەکان ڕووبەڕووی یارییەکی جەستەیی دژوار بوونەتەوە و بەتەواوی ماندووی کردن.
ئیسپانیا قۆناغی کۆمەڵەکانی بە تۆمارکردنی پێنج گۆڵ و بەبێ ئەوەی هیچ گۆڵێکی لێبکرێت کۆتایی پێهێنا، بەوەش زنجیرەی بێشکستییەکەی بۆ 34 یاری درێژکردەوە؛ دەستکەوتێک کە دی لا فوینتی بە مایەی شانازی بۆ تیپەکەی ناوی برد.
سەبارەت بە قووڵایی پێکهاتەکەی لە هێڵی ناوەڕاستدا، ڕاهێنەرەکە جەختی لەوە کردەوە، کە یاریزانانی وەک پێدری، فابیان ڕویز، دانی ئۆلمۆ، میکێل مێرینۆ و مارتن زوبیمێندی، توانایەکی بەرزیان هەیە و دەکرێت بەپێی تایبەتمەندییەکانی ڕکابەرەکە ئاڵوگۆڕیان پێ بکرێت.
دی لا فوینتی هەواڵی نیگەرانکەری سەبارەت بە یەریمی پینۆ پشتڕاستکردەوە، کە دووچاری پێکان بووە و پێدەچێت شکانێک لە ئێسکیدا هەبێت، کە ئەگەری زۆرە تاوەکو کۆتایی پاڵەوانێتییەکە لە یاریگاکان دوور بکەوێتەوە، هەروەها نیکۆ ویلیامزیش لە کۆتایی یارییەکەدا دووچاری پێکان بوو.
دی لا فوینتی لە کۆتاییدا گوتی: "متمانەی تەواوم بەم کۆمەڵە یاریزانە هەیە، ئەم تیپە دەیەوێت بەردەوام بێت لە گەشەکردن، ئێمە لە ڕێگایەکی ڕاستداین، بەڵام لەمەودوا هەر یارییەک لەوەی پێشووتر قورستر دەبێت."
2 کاتژمێر پێش ئێستا