وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق هاوردەکردنى 35 ماددەى خۆراکى قەدەغە دەکات
وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق هاوردەکردنى 35 ماددەى خۆراکى و شەتڵى ڕووەکى قەدەغە کردووە و کشتوکاڵى هەرێمى کوردستانیش جەخت لە پابەندبوونیان دەکاتەوە بە ڕۆژمێرى کشتوکاڵى لە نێوان هەولێر و بەغداد.
ڕێگە نادرێت بە مامەڵەپێکردنیان
وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق لە 23ـى حوزەیران نووسراوێکى ئاڕاستەى دەستەى دەروازە سنووریەکانى عێراق کردووە و کۆپیەکى دەست کەناڵ8 کەوتووە، مەهدى سەهر جبوورى، بریکارى وەزیرى کشتوکاڵى عێراق واژۆى کردووە، تایبەتە بە قەدەغەکردنى ماددە کشتوکاڵییەکان و هاوردەکردنى و مامەڵەپێکردنى لە بازاڕەکانى ناوخۆى عێراق.
قەدەغەکردنی بەرهەمی تەماتە
ئاماژە بەوەشکراوە، هاوردەکردنى بەرهەمى تەماتە تاوەکو ئەو کاتەى بەرهەمى ناوخۆیی کۆتایی دێت قەدەغە دەکرێت، کە مەبەست لێى پێگەیشتنى بەرهەمى تەماتەیە لە هەرێمى کوردستان کە ڕەوانەى ناوەڕاست و خوارووى عێراق دەکرێت.
10 ماددەیان بە گوێرەی پێگەیشتنی بەرهەمەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت
لە نووسراوەکەى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق، 45 ماددەى خۆراکیى کشتوکاڵى و ئاژەڵى و شەتڵى ڕووەکى خراوەتە ڕوو، کە 35 ماددەیان بەتەواوى قەدەغەیە هاوردەى عێراق بکرێت، 10 ماددەى دیکەشیان بەگوێرەى پێگەیشتنى بەرهەمەکان گۆڕانکارى بەسەر هاوردەکردنیاندا دێت.
دیاترین ماددە قەدەغەکراوەکان
لەو 35 ماددەیەى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق ئاماژەى پێکردووە، دووگى ئاژەڵ، گۆشت، قیمەى بەستوو، مانگاو مەڕ و گامێش بۆ بەخێوکردن، هێلکەى جوجک هەڵهێنان، هاوکات تەڕەپیاز و پیاز، گەڵامێو، هەنگوین و جۆرە جیاوازەکانى خورماى قەدەغە کردووە.
هەرێمی کوردستانیش پابەند دەبێت بە ڕۆژمێری کشوکاڵی
ڕزگار حەمەخدر، ڕاوێژکارى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند" وەک هەرێمى کوردستان پابەندین بە ڕۆژمێرى کشتوکاڵى و ئەو نووسراوە نوێیەى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق دەریکردووە، کە قەدەغەکردنى هاوردەکردنى بەشێک لە ماددەکان بەو هۆیەوەیە کە بەرهەمى خۆماڵیمان ڕەوانەى خواروو ناوەڕاستى عێراق دەکرێت".
ئەوەشى ڕوونکردەوە، سەرجەم ئەو بەرهەمانەى بە بەردەوامیى قەدەغەکراون لە هەرێمى کوردستانیش پێوەى پابەند و ڕێگە بە هاوردەکردنیان نادرێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا