عێراق پلانی هەیە لە پێنج ساڵی داهاتوودا %50ـی کێشەى نیشتەجێبوون کەمبکاتەوە

رێبوار حەمەوەیس 3 کاتژمێر پێش ئێستا
کارکردن لە ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون لە عێراق
کارکردن لە ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون لە عێراق

وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى عێراق، پلانى هەیە تاوەکو ساڵى 2030 لەسەدا %50ى کێشەى نیشتەجێبوون چارەسەر بکات، دەشڵێت دابەشکردنى زەوى بێ ئەنجام بووە و هۆکاربووە بۆ دیاردەى زیادەڕەوى.

سیاسەتى نیشتمانیی بۆ نیشتەجێبوون

نەبیل سەفار، گوتەبێژى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەى عێراق ڕایگەیاندووە، سیاسەتى نیشتمانیی بۆ نیشتەجێبوون کە بۆ ماوەى نێوان 2025 تاوەکو 2030 ڕاگەیێنراوە، نەخشە ڕێگەیەکى تەواوکارە و بە هەماهەنگى لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئامادەکراوە.

کورتهێنانی یەکەی نیشتەجێبوون

ڕوونیشیکردەوە، ئەنجامەکانى دوایین سەرژمێریی دانیشتووان دەریخست، کورتهێنانى یەکەى نیشتەجێبوون لە تەواوى عێراق لە نێوان دوو ملیۆن و 300 هەزار بۆ دوو ملیۆن و 400 هەزار یەکەى نیشتەجێبوونە.

پلانی پێنج ساڵی داهاتوو

دووپاتیشیکردەوە، ئەو کورتهێنانە دەکرێت لە ماوەى پێنج ساڵى داهاتوودا بەڕێژەى %50 کەمبکرێتەوە، ئەگەر بێتوو کارکردن لە پڕۆژەکانى شارەکانى نیشتەجێبوون و سیستمى گەشەپێدانى خانووبەرە بەردەوام بێت.

دابینکردنی یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون

گوتەبێژى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە باسى لەوەشکردووە، دیدگاى سەرۆکوەزیران بۆ دابینکردنى یەک ملیۆن یەکەى نیشتەجێبوون، تەواو گونجاوە لەگەڵ سیاسەتى نیشتمانى و دەستەى جێبەجێکردنى شارە نوێکانى نیشتەجێبوون.

ئەزموونی دابەشکردنی زەوی بێسوود

ڕوونیشیکردەوە، ئەزموونى دابەشکردنى زەوى بێسوود بووە و کۆتایی هاتووە، بەو پێیەى ئەنجامى نەبووەو هۆکاربووە بۆ زیادبوونى ناوچەى هەڕەمەکى نیشتەجێبوون.

ڕێژەی کرێچی لە عێراقدا

بەگوێرەى سەرژمێریی دانیشتووان کە لە ساڵى 2024 ئەنجامدرا، ژمارەى دانیشتووانى عێراق زیاتر لە 46 ملیۆن کەسە، %72ى خێزانەکانیش خاوەنى خانووى خۆیانن %28 .ـی خێزانەکانیش لە خانووى کرێ یاخود لە ناوچە هەڕەمەکییەکانى نیشتەجێبووندان.

رێبوار حەمەوەیس

3 کاتژمێر پێش ئێستا