شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ هاوتاکردنى مینحەى شەهیدان سەردانى بەغداد دەکات
بەمەبەستى هاوتاکردنى مینحەى زیندانیانى سیاسیی وەک هاوشێوەکانیان لە عێراق کە مینحەکانیان زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار دینارە ، شاندێکى وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوان ئێوارەى ئەمرۆ شەممە دەچنە بەغداد و سبەى یەکشەممە کۆبوونەوەکانیان لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ بەرپرسانى عێراق دەستپێدەکەن.
وردەکاری سەردانی شاندەکەی هەرێم بۆ بەغداد
ئەحمەد مام ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانییانی سیاسی و ڕزگاربووانی ئەنفال لە وەزارەتى شەهیدان، بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، ڕۆژى شەممە 27ـى حوزەیران، عەبدوڵا حاجى مەحمود، وەزیرى کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەگەڵ شاندێکى وەزارەت بۆ پرسی هاوتاکردن و گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی هەرێمی کوردستان بۆ سەر دەزگای زیندانییە سیاسیەکانى عێراق سەردانى بەغداد دەکەن.
ژمارەی ئەو کەسانەی دۆسییەکانیان پێشتڕاستکراوەتەوە
ئەوەشى خستەڕوو، لە هەرێمی کوردستان 25 هەزارو 868 زیندانیکراو و گیراوی سیاسی دۆسیەکانیان پشتراست کراوەتەوە، چاوەروانی وەرگرتنی مینحەی مانگانەیان دەکەن، گوتیشى" ئامانجەکەمان ئەوەیە لە ساڵى نوێ و پاش پەسەندکردنى پڕۆژە بودجەى 2027 مینحەى زیندانیان و گیراوانى سیاسیی هەرێمى کوردستان هاوتاى زیندانیانى عێراقى لێ بکرێت".
دیداری شاندەکە لە بەغداد
بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، بڕیارە شاندەکەى وەزارەتى شەهیدان لەگەڵ سەرۆککۆمارى عێراق و وەزیرى دارایى و سەرۆکى دەستەى زیندانیانى سیاسی عێراق کۆببنەوە، کە دۆسییەى زیندانیانى سیاسى ناوەکانیان چووەتە بەغدادو بڕیاریشە بۆ کارئاسانى زیاتر دەستەى زیندانیانى سیاسیی عێراق لەداهاتوویەکى نزیکدا نوسینگەکانى خۆى لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بکاتەوە.
ئەحمەد مام ڕەسوڵ، جەختى لەوەشکردەوە، سەردانەکەیان بۆ لاى سەرۆککۆمارى عێراق بۆ ئەوەیە پاڵپشتى دۆسییەى زیندانیانى سیاسیی بکات و وەزیرى دارایی عێراقیش تەرخانى دارایی بۆ دابین بکات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا