سوپای پاسداران: لە تۆڵەی هێرشەکانیان پێگەکانی ئەمریکامان لە کەنداو بۆردوومانکرد
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە تۆڵەی هێرشە سەربازییەکانی دوێنێ شەوی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەیان، هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو، هەروەها ئاماژە بەوەدەکەن، ئەگەر ئەمریکا هێرشی لەو شێوە دووبارە بکاتەوە و ئاگربەست پێشێل بکات، ئەوا بەشێوەیەکى بەرفراوانتر و بەهێزتر وەڵامیان دەدەنەوە.
پێشێلکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن
تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران لە زاری سوپای پاسدارانەوە ڕایگەیاند، ئەمریکا بە بیانووی بەئامانجگرتنی کەشتیەک کە لە ڕێڕەوێکی بێ مۆڵەتەوە گەرووی هوورموزی بەزاندووە، هێرشی کردە سەر کەناراوەکانیان و ئەمەشیان بە پێشێلکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوانیان ناوبرد.
ناوەرۆکی ماددەی پێنجەمەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن
سوپای پاسداران جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەگوێرەی ماددەی پێنجەمی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنى نێوانیان، کۆنتڕۆڵکردن و ڕێکخستنی تێپەڕینی کەشتییەکان بە گەرووی هوورمزدا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدرێت.
"پێشێلکردنی بێباکانەى ئاگربەست"
لە لایەکی دیکەوە لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران لە ڕاگەیێنراوێکدا بڵاویانکردووەتەوە، جارێکی دیکە لە کاتی دانوستاندا ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر ئێران و ئەم هێرشانەیان بە "پێشێلکردنی بێباکانەى ئاگربەست" ناوبرد و دەڵێن "ئەم هێرشانە تەنیا پاشەکشە و پەشیمانی ئەمریکا بەدوای خۆیدا دێنێت".
هەڵوێستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش دوای هێرشەکان، پابەندیی وڵاتەکەی بە ڕێککەوتنی ئاگربەستەوە ڕاگەیاند و گوتی، ئەگەر ئێران ناکۆکی هەبێت لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن، دەتوانێت پەیوەندییان پێوە بکات، نەوەک پەنا بۆ توندوتیژی ببەن، چونکە بە گوتەی ئەو توندوتیژی بە توندوتیژی وەڵام دەدرێتەوە.
سەبارەت بە هێرشەکانی دوێنێ شەوی ئەمریکا، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، کە هێرشەکانی ئەمریکا بە شەش فڕۆکەی جەنگیی جۆرەکانی ئێف-35 و ئێف-16 ئەنجامدراون و چوار پێگەی ئێرانیان لە گەرووی هوورمز و دوورگەی قشم بەئامانج گرتووە و هێرشەکان نزیکەی 90 خولەکیان خایاندووە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا