ئەمریکا: شانازی دەکەین کە بەشێکین لە ڕێککەوتنی لوبنان و ئیسرائیل

بەهزاد ئەحمەد 1 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنتن شانازی دەکات کە بەشێکە لەو ڕێککەوتنە مێژووییەکەى نێوان ئیسرائیل و لوبنان، جەختیان لەوەش کردەوە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان 100 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاریی مرۆیی و 30 ملیۆن دۆلاریش وەک پاڵپشتی بۆ سوپای لوبنان دابین دەکەن، بە مەبەستی گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی.

ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی لوبنان و ئیسرائیل

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئامادەن لەگەڵ هاوبەشەکانیان کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی چوارچێوەی نێوان لوبنان و ئیسرائیل، بە مەبەستی گەیشتن بە ئایندەیەکی پارێزراو بۆ ئیسرائیل و لوبنان و ناوچەکە، دەشڵێن: "حیزبوڵا کە مەترسیدارترین بریکاری ئێرانە، لوبنانی بردووەتە ناو شەڕێکی وێرانکەرەوە و پلانی هێرشکردنە سەر ئەمریکییەکان دادەڕێژێت و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دروست دەکات".

ڕێگا خۆشکردن بۆ کۆتایی ململانێکان

لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە کە ئیسرائیل و لوبنان بڕیارێکی بوێرانەیاندا بۆ ڕێککەوتن لە سەر چوارچێوەیەک که ڕێگەخۆشکەربێت بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان، ئاماژەیان بەوەشکردوە کە لە ڕێککەوتنەکەدا پرۆسەیەکی ڕێکخراو بۆ گەراندنەوەی سەروەریی لوبنان و لەچەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی حیزبوڵا پەیڕەو دەکرێت، بەجۆرێک کە ئیسرائیل بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سنوورەکانی و هەڕەشەکان لەسەر هاووڵاتییانی نامێنێت.

پێکهێنانی دەستەیەکی سەربازیی سێقۆڵی

باسیان لەوەش کردوە کە ڕێککەوتنەکە ڕێگایەکی ڕاستەقینە بۆ دەربازبوون لە قەیرانێکی درێژخایەن دابین دەکات، ئەوەش لە ڕێگەی پێکهێنانی دەستەیەکی هەماهەنگیی سەربازیی سێقۆڵی، کە ئەمریکا ئاسانکاریی بۆ دەکات و سەرچاوەی بۆ دابین دەکات، واشنتن بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکانیش بڕى 100 ملیۆن دۆلار وەکو هاوکاریی مرۆیی دەستبەجێ دەدات بە لوبنان.

هەروەها مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل واژۆ کراوە، هێشتا پێویستییان بە کاری زیاترە و لە ئێستادا هەنگاوی جددی و مانادار دەنێن بەرەو داهاتوویەک کە لەسەر بنەمای ئاشتی و خۆشگوزەرانی و پێکەوەژیان بێت.

بەهزاد ئەحمەد

1 کاتژمێر پێش ئێستا