کێشەى دابینکردنى پارە بۆ پڕۆژەى ئاوى سلێمانى چارەسەرکرا

ئارام قەرەداغی 3 کاتژمێر پێش ئێستا
یەکێک لە پەمپەکانی ئاوی دووکان- سلێمانی
یەکێک لە پەمپەکانی ئاوی دووکان- سلێمانی

بەڕێوەبەرى ئاوى سلێمانی ڕایگەیاند، کێشەى لەکارکەوتنى پەمپەکانى ئاوی دووکان - سلێمانى چارەسەرکراوە و گرفى دابەشکردنى ئاو لە گەڕەکەکانى ناو شارەکە نامێنێت.

پاڕە تەرخانکرا و ئەم هەفتەیە کیشەکە چارەسەر دەبێت

بەختیار تاهیر بەڕێوەبەرى ئاوى سلێمانى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، بە بڕیارى جێگرى سەرۆکوەزیران پارە بۆ کڕێنى پەمپەکان دابینکراوە و پەمپەکان لە ئەمریکاوە گەیشتووەتە شوێنى پڕۆژەکە و ئەم هەفتەیە کێشەکە چارەسەردەکەن.

گۆڕینی پەمپە لەکار کەوتووەکان

پێشتر پڕۆژەى گۆڕینى پەمپە لەکارکەوتووەکانى هێڵى یەک و دووى ئاوى دووکان - سلێمانى درابوو بە کۆمپانیا، بەڵام پارە بۆ کۆمپانیاکە خەرجنەکرابوو، ئێستا بە بڕیارى قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، بە چەند گوژمەیەک پارە بۆ کۆمپانیاکە خەرجدەکرێت و ئەم هەفتەیە سێ پەمپى نوێ دەخرێنە شوێنى پەمپە لەکارکەوتووەکان.

پڕۆژەکە گۆڕینی هەشت پەمپی هێڵی یەکی دووکان- سلێمانی لە خۆ دەگرێت

بەگوتەى بەڕێوەبەرى ئاوى سلێمانى، پڕۆژەکە گۆڕینى هەشت پەمپى هێڵى یەکی دووکان - سلێمانییش لەخۆ دەگرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو هەشت پەمپە نەگەیشتووەتە هەرێمى کوردستان.

بەختیار تاهیر گوتیشى، بە دانانى پەمپە نوێیەکان لەم هەفتەیەدا زۆرینەى کێشەکانى کەمئاویی لە گەڕەکەکانى سلێمانى چارەسەر دەبێت.

ئارام قەرەداغی

3 کاتژمێر پێش ئێستا