ئەمریکا: هێشتا کاری زۆر ماوە لەبارەی لوبنان و ئیسرائیلەوە بکرێت

یەسنا ئومێد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

دواى ڕێککەوتنى ئیسرائیل و لوبنان، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، بە بڕى 30 ملیۆن دۆلار قەرەبووى سوپاى لوبنان دەکەنەوە.

هەردوولا بڕیاری ئازایانەیان دا

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەسەر ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و لوبنان ڕایگەیاند، هەردوو لایەن بڕیارێکی ئازایانەیان دا، بە پەسەندکردنی چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە، پنتاگۆنیش ئامادەیە بە بڕی 30 ملیۆن دۆلار قەرەبووی سوپای لوبنانی بکاتەوە.

ئامادەیی واشنتن بۆ کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان دەربڕی، تاوەکو ڕێککەوتنەکە جێبەجێبکرێت و داهاتوویەکی سەلامەت بۆ ئیسرائیل و لوبنان و ناوچەکە بێتەئاراوە.

 مەترسییەکانی حیزبوڵای لوبنان

ڕوبیۆ گوتیشى، حیزبوڵا لە مەترسیدارترین بریکارەکانی ئێرانە و چەندین جار لوبنانی ڕاکێشاوەتە نێو جەنگی وێرانکەر، هەروەها حیزبوڵا پلانی هێرشکردنەسەر ئەمریکییەکانى داناوە، ئەمەش وای کردووە ببێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەیان.

گەڕانەوەی سەروەریی بۆ لوبنان

مارکۆ ڕوبیۆ، باسی لەوەشکرد، ڕێککەوتنەکە دەبێتە بناغەی گەڕانەوەی سەروەری بۆ لوبنان و چەکدانانی حیزبوڵا و هەڵوەشانەوەی ژێرخانی گرووپەکە، هەر ئەم ڕێککەوتنەکەش دەتوانێت هەڕەشە بەردەوامەکان لەسەر سنوورەکانی باکووری وڵاتەکە نەهێڵێت.

ڕوبیۆ دڵنیایدا لەوەی ئەمریکا بەردەوام بەشێک دەبێت لەم ڕێککەوتنەکە و هاوکاریی مرۆیی بەپەلەش بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لوبنان دابیندەکات.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ئیسرائیل و لوبنان بە نێوەندگیری ئەمریکا لەدوای خولی پێنجەمی دانوستانەکان ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد.

یەسنا ئومێد

2 کاتژمێر پێش ئێستا