یەکگرتوو و هەڵویست و کۆمەڵ ڕاگەیێنراوێکیان لەبارەى گرانى نرخى سووتەمەنى بڵاوکردەوە
لەسەر گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، فراکسیۆنەکانی یەکگرتوو و هەڵویست و کۆمەڵ، لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ڕاگەیێنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن، ڕێکارى یاسایی و کارگێڕی بۆ کەمکردنەوەی نرخی سووتەمەنی دەگرنەبەر.
بڵاوکردنەوەی ڕاگەیێنراوی هاوبەش
فراکسیۆنەکانی یەکگرتووى ئیسلامی و هەڵویست و کۆمەڵى دادگەریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاگەیێنراوی هاوبەشیان بڵاوکردووە و دەڵێن، بێدەنگ نابن لە ئاست گرانبوونی نرخى سووتەمەنی کە ستەم و نادادی و کەمتەرخەمییە.
چڕکردنەوەی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بۆ دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی
لە ڕاگەیێنراوە هاوبەشەکەی ئەو سێ فراکسیۆنەدا هاتووە، لەڕێگەی ئەنجوومەنی نوێنەران و لیژنە پەیوەندیدارەکان و سەردانی ڕاستەوخۆی وەزارەتی نەوتى عێراق، هەوڵەکانیان چڕدەکەنەوە و هەموو ڕێکارێکى یاسایی و کارگێڕیی دەگرنەبەر بۆ دابەزاندنى نرخی سووتەمەنی.
بەرپرسیاری گرانی نرخی سووتەمەنی
دەشڵێن، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیاری یەکەمی ئەم گرانی و قۆرخکارییەیە کە لە بازاڕی سووتەمەنیدا هەیە، نەمانی شەفافییەت لە داهاتی نەوت و پاڵاوگەکان، باجەکەی تەنیا هاونیشتمانییان دەیدەن".
داوایەک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق
سێ فراکسیۆنەکە، داوا لە سەرۆکوەزیران و وەزارەتی نەوتی عێراق دەکەن، بەگوێرەی بنەماکانی دەستوور و هاوڵاتیبوون، پشکی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە لە بەنزینی کوالیتی بەرز و بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی 450 دیناریی زیاد بکەن و، ڕێگە نەدەن هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان ببنە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان.
2 کاتژمێر پێش ئێستا