یەکەمین کۆڕبەندى کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان و ئیسپانیا لە مەدرید بەڕێوەدەچێت
بە بەشداریی 42 کۆمپانیاى هەرێمى کوردستان، یەکەمین کۆڕبەندى کوردى - ئیسپانى لە هەرێمى گارسیاى ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت و کۆڕبەندەکە ڕۆژى دووشەممە دەست بەکارەکانى دەکات.
بەشداریکردن لە دوو کۆڕبەندی جیاواز
دارەوان حاجى حامید، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئیسپانیا بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، ئەو کۆمپانیایانەى لە هەرێمى کوردستانەوە دەچنە ئیسپانیا، بەشداریی لە دوو کۆڕبەندى جیاواز دەکەن، کۆڕبەندى یەکەم لە هەرێمى گارسیا دەبێت، کە هەرێمێکى کشتوکاڵییە، کۆڕبەندى دووەمیش لە هەرێمى کاستیالیۆن دەبێت.
60 کۆمپانیای ئیسپانی بەشداریی دەکەن
گوتیشى، لەم کۆڕبەندەدا 60 کۆمپانیاى ئیسپانی بەشداریی دەکەن، گرێبەستیش لەنێوان ئەو کۆمپانیایانەدا دەکرێت، ئەمەش دەستى کار لە هەرێمى کوردستان زیاد دەکات.
ئەمە یەکەمین کۆڕبەندە کە لە وڵاتێکى ئەورووپى بە بەشداریى 42 کۆمپانیای هەرێمى کوردستان ئەنجامبدرێت و چاوەڕوان دەکرێت کۆمپانیاکان چەند گریبەستێک بۆ هێنانى تەکنەلۆجیاى نوێى کشتوکاڵى بۆ هەرێمى کوردستان واژۆ بکەن.

2 کاتژمێر پێش ئێستا