جۆن بۆڵتن تۆمەتبارە بە ئاشکراکردنی زانیاریی نهێنی
جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دانی بە تاوانەکەیدا نا، کە تۆمەتبار کرابوو بە هەڵگرتن و ئاشکراکردنی نایاسایی زانیاریی نهێنی، دۆناڵد ترەمپیش ڕایگەیاند، بۆڵتن کەسێکی زۆر گەمژە و بێتوانا بوو و ویستویەتی کێشە بنێتەوە و شەڕ هەڵگیرسێنێت.
دانپێدانەکانی بە ڕێککەوتن لەگەڵ داواکاری گشتیی فیدراڵی کراوە
دانپێدانانەکەی بۆڵتن لە بەردەم دادگا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا دێت لەگەڵ داواکاری گشتیی فیدراڵی کە دەتوانێت لە ماوەی زیندانیکردن ڕزگاری بکات، بەڵام بڕیاری کۆتایی لای دادوەرى بەرپرسیار لە دۆسیەکەیە.
بژاردەی کشانەوەی لە دانپێدانەکانی هەیە
لە ڕێککەوتنی دانیشتنەکەدا پێشنیازی سزادانی تاوەکو پێنج ساڵ بۆ بۆڵتن کراوە، بەڵام ئەمە پابەندکەر نییە و بۆڵتنیش بژاردەی ئەوەی لە بەردەمە کە لە داننان بە تاوانەکەیدا بکێشێتەوە، ئەگەر دادوەر سزای زیندانیکردنی درێژتر یان پێبژاردنی زیاتر لە 2 ملیۆن و 250 هەزار دۆلاری بەسەردا بسەپێنێت.
کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم دۆسیەکەی بڕیاری لەسەر دەدرێت
بڕیارە تیۆدۆر چوانگ، دادوەری دادگای فیدراڵی ڕۆژی 28ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە شاری گرین بێڵتی ویلایەتی مێریلاند بڕیار لە سەر دۆسیەی بۆڵتن بدات.
نیگەرانییەکانی ترەمپ لە جۆن بۆڵتن
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەمبارەوە لە تۆری ترووس نووسیوویەتی: "جۆن بۆڵتن، کەسێکی زۆر گەمژە و بێمێشک و بێتوانا بووە، ئەو کەسێکی نەشیاوە، شێتێکە کە تەنیا ویستویەتی کێشە و شەڕ هەڵگیرسێنێت و بۆ هەر شوێنێک ڕۆشیتبێت مەرگ و وێرانکاریی جێهێشتووە"، ترەمپ هیوایخواستووە دادگا بە توندی مامەڵەی لەگەڵدا بکات.
ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی بۆڵتن کراون
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، بۆڵتن بە 18 تۆمەتی پەیوەندیدار بە هەڵگرتن و بڵاوکردنەوەی نایاسایی دۆسیە نهێنییەکان تۆمەتبارکرا، لەنێویاندا ئەو یاداشتانەی ڕۆژانە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی ئاڵوگۆڕی کردووە، لەکاتی نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی.
بریکارەکانی ئێف بی ئای، لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بۆڵتن لە ویلایەتی مێریلاند و ئۆفیسەکەی لە واشنتن، لێکۆڵینەوەکان لەمبارەوە پێش گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2025 دەستیپێکرد.
1 کاتژمێر پێش ئێستا