شاهۆ عوسمان: بە داهاتى سلێمانی پڕۆژەکانى شارەکە جێبەجێدەکرێت

کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا
شاهۆ عوسمان، جێگرى پارێزگارى سلێمانى
شاهۆ عوسمان، جێگرى پارێزگارى سلێمانى

جێگری پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، وەک ئیدارەی خۆجێی پارێزگای سلێمانی، داوایانکردووە دادپەروەریی لە جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان، لە نێوان شار و شارۆچکەکان و سەنتەری پارێزگاکان و گوندەکاندا هەبێت.

یەک دینار لە دەرەوەی شار نایەتە ناو شارەکەوە

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی لەمیانی بەشدارییکردن لە بووڵتەنی کاتژمێر 12ـی کەناڵ8 ڕایگەیاند،

یەک دینار لە دەرەوەی سلێمانی نایەتە ناو شارەکەوە بۆ بەڕێوەبردنی شارەکە و تەواوی کەرتە تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانى وەک ئاو و کارەبا و ئەو پڕۆژانەشى تاوەکو ئێستا جێبەجێ کراوە، تەنیا لەسەر داهاتی سلێمانی خۆی بووە.

سلێمانی باشترین پارێزگا بووە لە بەکارخستنی پرۆژەکان

ئاماژەی بەوەشکرد، پێش ساڵی 2014 لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، کە حکومەتى عێراق دەینارد، ئەوکات کە هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیان لەسەر پارێزگای سلێمانی بوون، سلێمانی باشترین پارێزگا بووە لە بەکارخستنی پڕۆژەکان و جێبەجێکردنیان، بەڵام دوای 2014 کە بودجە بڕاوە، دادپەروەریی بەدینەکراوە لە هەرێمی کوردستان.

هەرچی کراوە لەسەر بودجەی پارێزگا کراوە

شاهۆ عوسمان باسى لەوەشکرد، هەرچی کراوە لەسەر بودجەی پارێزگای سلێمانی خۆی بووە و ئەوەش بارگرانی لەسەر ئیدارەی خۆجێی دروستکردووە، لەکاتێکدا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمى کوردستان، بێ گەڕانەوە بۆ بانکی ناوەندی و داهاتی سلێمانی، بە بوونی داهات یان نەبوونی، ڕەزامەندییان لەسەر پرۆژە داوە بۆ دروستکردنی، بەڵام لەسەر داهاتی شارەکە خۆی، ئێستا ئەو پرۆژانە پەکیانکەوتووە، چونکە بە دروستی ڕەزامەندیی نەدراوە و داهاتی پێویست نەبووە بۆ جێبەجێکردنی.

خراپی کاریگەرییەکان لەسەر بەڵێندەران

گوتیشی، دوای ساڵی 2014 و جیاکردنەوەی داهات و شێوازی مامەڵەی دارایی ناتەندروست، کاریگەریی خراپی لەسەر بەڵێندەران هەبووە و نەتوانراوە پارەی شایستەی خۆیان پێبدرێت، هەربۆیە کۆبوونەوەی باڵا کراوە، بەڵێندەرانی سلێمانی لە مایەپووچ بوون بپارێزرێت.

ڕاشیگەیاند، لە ئەنجوومەنی وەزیران و لەدیوانی ئەنجوومەنەکەوە دان بەوەدانراوە، ئەو ئیدارەیەی لە سلێمانی دراوە باشترین ئیدارەدان بووە لەدۆخی قەیراندا کە لە2014ـەوە ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە.

دەیان پڕۆژە رەزامەندی دروستکردنی هەیە

شاهۆ عوسمان دەشڵێت، لە پارێزگاری سلێمانی و دەورووبەری، دەیان پرۆژە ڕەزامەندنی دروستکردنی هەیە، بەڵام نەتوانراوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە دەبێت لەسەر داهاتی سلێمانی جێبەجێ بکرێت، بەڵام حکومەت ئاگاداری گیرفانی شارەکە نییە.

دابەشکردنی داهات بەشێوەیەکی دادپەروەرانە

باسی لەوەشکرد، ناکرێت ناوچەیەکی وەک سەیدسادق کە داهاتی نییە، هچ پرۆژەیەکی بۆ جێبەجێنەکرێت، ئەو پڕۆژانەشی لە زاخۆ و سۆران دەکرێن، لەسەر داهاتی ئیدارەکان خۆیان نیین و پارەیان بۆ خەرجدەکرێت، بۆیە دەبێت بە دادپەروەریی داهات دابەشبکرێت.

دەبێت حکومەت چاوی لە دۆخی پارێزگای سلێمانی بێت

جێگری پارێزگاری سلێمانی باسی لەوەشکرد، داهات کەمی کردووە، دەبێت حکومەت چاوی لە دۆخی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیان بێت، ڕوونیشیکردەوە، ئەو داهاتەی کە سلێمانی هەیبووە شەفافە، ئەوان ئامادەن داهات بۆ هەموو هاونیشتمانییان بخەنەڕوو.

هەر لەقسەکانیدا شاهۆ عوسمان گوتی، خانەنشینبوونی سێ تەمەنی فەرمانبەران، قورسایی دارایی زۆری لەسەر داهاتی سلێمانی دروستکردووە، بەڵام سلێمانی پێشەنگ بوو لە دابینکردنی مووچە بۆیان.

پێوەرەکانی یەکەمی سلێمانی لە ئاستی عێراق

گوتیشی، سلێمانى لە خزمەتگوزاریی تەندروستی و ڕێژەی سەوزایی لەسەر ئاستی عێراق یەکەم پارێزگایە، ئەوانەش لەسەر داهاتی ناوخۆی شارەکە کراوە، ئەو پرۆژە و پلانانەی لەساڵانی ڕابردوو کراون لە خزمەتگوزاری و گەشەپێدان و ڕێگەوبان، پەرەپێدانی گەشتیاریی، هەمووی لەسەر داهاتی ناوخۆی سلێمانی و توانای شارەکە و چاودێری و سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بووە.

 شاهۆ عوسمان باسی لەوەشکرد، ئەگەر داهاتی هەرێمی کوردستان کەمە، با ئەو کەمە بە دادپەروەریی و یەکسانی بەسەر هەموواندا دابەشبکرێت، ئەگەر زۆرە هەمووی لێی سوودمەند بێت.

کیژان مەحمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا