یەکێتیی ئەورووپا: پاڵپشتی هەوڵەکانی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان دەکەین

کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا
دەستبەسەراگرتنی بەشێک لەو پارانەی کە لە عێراق بە دزی سەدە ناسراو بوو
دەستبەسەراگرتنی بەشێک لەو پارانەی کە لە عێراق بە دزی سەدە ناسراو بوو

باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، پاڵپشتی هەوڵەکانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان و بەهێزکردنى سەروەریی یاسا دەکات.

پاڵپشتیکردن لە کارنامەی حکوممەتەکەی زەیدی

کلیمێنس سیمتنەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق ڕاگەیاند، یەکێتییەکە لەڕێگەی هاوبەشییان لەگەڵ بەرنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، پاڵپشتی لە کارنامەى حکومەتەکەی عەلی زەیدی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەکات.

ئامادەیی یەکێتی ئەوروپا بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان

ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێتیی ئەورووپا، ئامادەیە بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق لە سەرجەم قۆناغەکانی گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان، ئەوەش لەڕێگەی بونیادنانی توانستی یاسایی لە دامەزراوە گشتییەکان و پەرەپێدانی سیستمی ئیدارەدانی دۆسیەکان، بە هەماهەنگی نێودەوڵەتی.

ستایشی ئەنجوومەنی دادوەریی

کلیمێنس سیمتنەر، ستایشی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی، حکومەتی عێراق و سەرجەم دامەزراوە نیشتمانییەکانی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کردووە.

باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، پێویستە دامەزراوە عێراقییەکان یاساکان بەشێوەیەکی گونجاو جێبەجێبکرێن و دەسەڵاتی گشتی لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیدا بێت.

هەڵوێست لە بەرامبەر دۆسیە گەورەکانی گەندەڵی

سیمتنەر دەشڵێت، دادپەروەریی لە دۆسییە گەورەکانی گەندەڵیدا، تەنیا بە سەرکۆنەکردن ناپێورێت، بەڵکو بە ڕێژەی گەڕاندنەوەی داهاتە گشتییەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ خەزێنەى دەوڵەت دەپێورێت.

باڵیۆزی یەکێتی ئەورووپا باسى لەوەشکردووە، گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان، لێپێچینەوەی یاسایی و ئەنجامەکانی پێکەوە دەبەستێتەوە و گرەنتی دەکات لە گەڕاندنەوەی پارەی دیکەى گەندەڵی.

کیژان مەحمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا