زەیدی: سەردانەکەمان بۆ ئەمریکا قۆناغێکی نوێی هاوبەشیمانە؛ سندووقی وزە بە بەهای 400 ملیار دۆرلار دادەمەزرێت
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە سەردانەکەیان بۆ ئەمریکا تەنیا پرۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکوو دەستپێکی قۆناغێکی نوێی هاوبەشییە لە نێوان بەغداد و واشنتندا. ئاماژەی بەوەش کرد کە هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان، عێراق دەیەوێت پەیوەندییەکانی لە هاوبەشیی سەربازییەوە بۆ هاوبەشییەکی ئابووریی بەردەوام بگوازێتەوە، لە ڕێگەی ڕاکێشانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و دامەزراندنی سندووقی وزە و گەشەپێدان کە سەرمایەکەی دەگاتە 400 ملیار دۆلار، لەپاڵ پێڕەوکردنی سیاسەتێکی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا.
قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن
سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، سەردانەکەیان بۆ ئەمریکا تەنیا سەردانێکی پرۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکوو ڕاگەیاندنی قۆناغێکی نوێیە لە هاوبەشیی نێوان بەغدا و واشنتن کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزگرتنی یەکتر بنیات نراوە.
کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دیمانەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا ڕایگەیاند، سەردانەکە لەکاتێکدایە کە مانگی ئەیلوولی داهاتوو، ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق کۆتایی پێدێت و عێراق بەشێوەیەکی هەمیشەیی بەجێدەهێڵن و لە قۆناغی داهاتوودا چاوەڕوانی ئامادەیی ئەمریکان لە وڵاتەکەدا لە ڕێگەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانەوە.
گواستنەوە بەرەو هاوبەشیی ئابووری
زەیدی لەبارەی گواستنەوەی پەیوەندییەکانیان بۆ هاوبەشیی ئابووری ڕایگەیاند، دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا لە هاوبەشیی سەربازییەوە بگوازنەوە بۆ هاوبەشییەکی ئابووریی بەردەوام، دروستکردنی پردێکی ئابووریی کاریگەر لە نێوان هەردوولا کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل بکات.
پێشینەدان بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی پێشینەدان بە کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە ڕایگەیاند، وەزارەتەکانی نەوت و کارەبا و پەیوەندییەکان ئاراستە کراون کە کۆمپانیا بەناوبانگەکانی ئەمریکا لە بوارەکانی وزە، پەیوەندییەکان، تەکنەلۆژیا و گەشەپێدان لە پێشینەدا دابنێن.
هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای ستارلینک
زەیدی لەبارەی پەرەپێدانی کەرتی پەیوەندییەکانەوە ڕایگەیاند، کەرتی پەیوەندییەکان بەرەو هاوبەشییەکی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیای ستارلینکی ئەمریکی هەنگاو دەنێت، کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ژێرخانی دیجیتاڵیی عێراق.
دامەزراندنی سندووقی وزە و گەشەپێدان
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی گفتوگۆکانیان لەسەر پڕۆژەی سندووقی وزەوە ڕایگەیاند، لەگەڵ لایەنی ئەمریکی گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەی سندووقی وزە و گەشەپێدان دەکەن، کە لە فرۆشتنی نەوت دروست دەکرێت بە شێوەیەک لە 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەست پێدەکات و دەگاتە 2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەش بەگوێرەی بارودۆخی ئابووری و بەرهەمهێنان و ڕەنگە لە دەرەوەی سنووردارکردنی پشکەکانی ئۆپێک بێت.
پارەدارکردنی پڕۆژەکانی ژێرخان
ناوبراو لەبارەی شوێنی کردنەوەی هەژماری سندووقەکە و داهاتوویەوە ڕایگەیاند، هەژماری ئەم سندووقەی وزە لە دامەزراوە بانکییە بەناوبانگەکانی ئەمریکا دەکرێتەوە و ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکانی بواری وەبەرهێنان دەکرێن، لەوانەش پڕۆژەکانی کارەبا و ژێرخانی ئابووری لە ماوەی سێ دەیەی داهاتوودا، پارەدارکردنی سندووقەکە دەکرێت بگاتە نزیکەی 400 ملیار دۆلار.
سیاسەتی هاوسەنگی و کراوەیی عێراق
زەیدی لەبارەی پێگەی ئەمریکا لە پلانەکانی عێراقدا ڕایگەیاند، ئەمریکا هاوبەشێکی ستراتیژییە لە پلانەکانی پەرەپێدان و ئابووریی عێراقدا و ئەوان باوەڕیان بە سیاسەتی هاوسەنگی و کراوەیی لەگەڵ هەمووان هەیە.
پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کەنداو
زەیدی ئاماژە بەوەش دەکات، وڵاتانی کەنداویش بۆ عێراق سەرچاوەی هێزن و پەیوەندیشیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای دراوسێیەتیی باش و ڕێزگرتن و بەرژەوەندیی هاوبەش دامەزراوە، هەروەک چۆن پەیوەندییان لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەکە هەیە.
بەغدا وەک ناوەندی دیالۆگی ناوچەیی
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی میوانداریکردنی دیالۆگەکانەوە ڕایگەیاند، بەغدا پێشوازی لە میوانداریکردنی هەر دیالۆگێک دەکات کە بەشدار بێت لە هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە، لەوانەش گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.
ڕەتکردنەوەی دەستێوەردانی دەرەکی
زەیدی جەختیش دەکاتەوە، عێراق دەستێوەردان لە هیچ لایەنێک قبووڵ ناکات و بڕیارەکانیش هەمیشە لە بەرژەوەندیی گەلی عێراقدا دەبن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا