حکومەت هیچ بودجەیەک بۆ سلێمانى خەرجناکات و بودجەى پڕۆژەکانى سلێمانى لەسەر داهاتى پارێزگاکەیە
سلێمانی لە کابینەی 9ی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، سەرەڕای دابینکردنی داهاتێکی زۆری نانەوتی بۆ خەزێنەی گشتی، ڕووبەڕووی پشتگوێخستنێکی بەرچاو بووەتەوە؛ بە جۆرێک لە کۆی پڕۆژەکانی ڕێگەوبان تەنیا 22%ـی بۆ تەرخان کراوە و بەرپرسانی شارەکەش باس لە بوونی جیاکارییەکی ڕوون لە دابینکردنی بودجە و خزمەتگوزارییەکاندا دەکەن.
بەگژداچوونەوەی پلانە شاراوە و ئاشکراکان
سلێمانی حەوت ساڵە پەراوێز خراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەپێوە وەستاوە، وەک مێژووەکەی بەگژ هەموو پلانێکی شاراوە و ئاشکرادا دەچێتەوە، ئێستاش دەیەوێت پەراوێزخستنی بە خزمەت وەڵام بداتەوە.
ڕۆڵی سلێمانی لە دابینکردنی داهاتی گشتیدا
سلێمانی، ئەو شارەیە کە لە کابینەی 9ی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی هیچ پارەیەکی بۆ خەرج نەکراوە، بەڵام مانگانە پشکی شێری بەردەکەوێت لە پڕکردنی قاسەی حکومەت و ناردنی داهاتی نانەوتی بۆ بەغداد.
ئامارەکانی جیاکاری لە خەرجکردنی بودجەدا
بەگوێرەی داتا و ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە زۆرینەی کەرتەکاندا سلێمانی نەک پارەی بۆ خەرج نەکراوە، بەڵکو خنکێنراوە، هەر لە دابینکردنی پارە بۆ پڕۆژەکانی ڕێگەوبان بە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕینیشەوە، تەنیا 22%ـی پڕۆژەکانی بەرکەوتووە، لە بەرامبەردا ناوچەکانی دیکە 78%ـی پڕۆژەکانیان بەرکەوتووە.
نەبوونی یەکسانی لە دابەشکردنی خزمەتگوزارییەکان
بەرپرسانی کارگێڕیی پارێزگای سلێمانی کە لایەنی جێبەجێکاری پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانن، بە دەنگی بەرز هاوار دەکەن، مامەڵەی حکومەت لەگەڵ سلێمانی، بانێکە و دوو هەوا.
ئاستەنگەکانی بەردەم بودجەی پڕۆژەکانی سلێمانی
شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی لەبارەی شێوازی تەرخانکردنی بودجە بۆ پڕۆژەکان ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر دروستکردنی دەیان پڕۆژە بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار بۆ سلێمانی دەدات، بەڵام کاتێک داوای بودجەکەی دەکرێت، وەڵامەکەی ئەوەیە، بودجەکەی لەسەر قاسەی شارەکە بێت کە پێشتر حکومەت خۆی بەتاڵی کردووە.
کێشە بنەڕەتییەکانی کەرتی تەندروستی و شارەوانی
دابیننەکردنی پارە بۆ کڕینی دەرمان، پاککردنەوەی شار، قوتابخانە و نەخۆشخانە و ڕێگەوبان و ئاو و ئاوەڕۆ و شەقامەکان لەلایەن حکومەتەوە، ئێستا لەوە دەرچووە کە بەرپرسێک لە ڕاگەیاندنەکانەوە باسی بکات، بەڵکو بووە بە چیرۆکی مێژووی 7 ساڵی پارێزگا و ئیدارەکان لەگەڵ حکومەت، و بەرپرسانی حکومەتیش تەنیا داهاتی شارەکە لەگەڵ ئیدارەکە بەشدەکەن و دەیکەن بە پڕۆژە لە شوێنی دیکە و قردێلەی پێ دەبڕن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا