بەهۆی فڕۆکە جەنگييەکانی ئەمريکاوە شوێنی ڕاگرتنی فڕۆکە مەدەنييەکانی ئيسرائيل نەماوە
حکوومەتی ئیسرائیل بەهۆی جێگیرکردنی 75 فڕۆکەی سەربازیی ئەمریکی لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی گەشتە ئاسمانییەکان بووەتەوە، کە مەترسیی پەکخستنی گەشتی نزیکەی 100 هەزار سەرنشینی لەم هاوینەدا دروست کردووە. لەم چوارچێوەیەدا، وەزارەتی گواستنەوەی ئیسرائیل و سوپای ئەمریکا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێک بۆ گواستنەوەی بەشێک لەو فڕۆکە سەربازییانە بۆ بنکە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، بە مەبەستی چۆڵکردنی شوێن بۆ فڕۆکە مەدەنییەکان و ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی بلیتەکان لە وەرزی گەشتیاریدا.
جێگیرکردنی فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمریکا
لە مانگی شوباتەوە ئەمریکا 75 فڕۆکەی سەربازیی لە فڕۆکەخانەکانی تەلئەڤیڤدا لە ئیسرائیل جێگیرکردووە، ئەوەش شوێنی بۆ فڕۆکە مەدەنییەکان نەهێشتووەتەوە و کێشەی بۆ گەشتە ئاسمانییەکان دروستکردووە و بەو هۆیەوە سنووردار بوون، بەتایبەت لەم چەند مانگەدا کە بە وەرزی گەشتکردن دادەنرێت.
لێکتێگەیشتن بۆ خێراکردنی پرۆسەی ڕۆیشتنی فڕۆکەکان
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لەگەڵ سوپای ئەمریکا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ خێراکردنی پرۆسەی ڕۆیشتنی ئەو فڕۆکە سەربازییانەی ئەمریکا کە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنیان داخستووە و هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی دەیان هەزار گەشتی ئاسمانیی دەکەن.
گواستنەوەی فڕۆکەکان بۆ بنکە سەربازییەکان
پێگەی وای نێتی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکەی وەزارەتی گواستنەوە کە لەگەڵ سوپای ئەمریکا کردوویەتی، تاوەکوو ڕۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە، 30 فڕۆکە دەچنە بنکەکانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل و لە دواتردا 20 فڕۆکەی دیکە دەچنە بنکەکە، بەڵام لە ئەگەری پەرەسەندنی دۆخەکە، فڕۆکەکان دەتوانن لە ماوەی نزیکەی 72 کاتژمێردا بگەڕێنەوە.
چۆڵکردنی فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن
وای نێت لەبارەی ژمارەی ئەو فڕۆکانەی کە فڕۆکەخانەکەیان بەجێهێشتووە ڕایگەیاندووە، لە 15ـی حوزەیرانەوە تاوەکوو ئێستا، 15 فڕۆکەی ئەمریکی بن گۆریۆنیان بەجێهێشتووە.
هۆشداری لە پەککەوتنی گەشتی سەرنشینان
شارۆن کێدمی، سەرۆکی دەستەی فڕۆکەخانەکانی ئیسرائیل، لەم هەفتەیەدا لە نامەیەکی بەپەلەدا بۆ میری ڕیگێڤ وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ڕایگەیاندبوو، بەردەوامیی بوونی سەربازیی ئەمریکا لە بن گۆریۆن، هەڕەشەی پەکخستنی گەشتە ئاسمانییەکانی نزیکەی 100 هەزار سەرنشین لە وەرزی هاویندا دەکات، کە لە مانگی تەممووزەوە دەستپێدەکات.
دەستوەردانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
کەناڵی 13ـی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، لێکتێگەیشتنەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل دوای ئەوە هاتووە، کە وەزیری گواستنەوە داوای لە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە، دەستوەردانی کەسی لەو بابەتەدا بکات.
پێشبینییەکانی وەرزی هاوین
پێشبینی دەکرێت، گەشتەکانی بن گۆریۆن لەم پشووی هاوینەدا بەرزبێتەوە لە نزیکەی 65 هەزار سەرنشینەوە بۆ 100 هەزار لە مانگی ئابدا.
کەمبوونەوەی شوێنی ڕاگرتنی فڕۆکە مەدەنییەکان
لە کۆی 99 شوێنی ڕاگرتنی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن کە بۆ فڕۆکەی مەدەنی تەرخانکراون، ئێستا تەنیا 65 شوێن بەردەستە، بەگوێرەی دەستەی فڕۆکەوانیی ئیسرائیلیش، لە مانگی تەممووزدا پێویستیان بە 80 شوێنە، لە مانگی ئابیشدا پێویستیان بە هەر 99 شوێنەکە هەیە.
هۆشداری لە بەرزبوونەوەی نرخی بلیتەکان
بەرپرسانی فڕۆکەوانی هۆشداریشیان داوە لەوەی کە قەرەباڵغی لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن، دەکرێت دەستپێکردنەوەی گەشتی هێڵە ئاسمانییە بیانییەکان دوا بخات و نرخی بلیتەکان بەرزبکاتەوە.
هەڵوەشاندنەوە و دواخستنی گەشتی کۆمپانیا بیانییەکان
هێڵە ئاسمانییە گەورەکانی ئەورووپا لەوانە ئایر فرانس، تاوەکوو مانگی حوزەیران، بەردەوام بوون لە هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکانیان بۆ ئیسرائیل و لە ئیسرائیلەوە، کۆمپانیاکانی گواستنەوەی ئەمریکی وەک دێلتا گەڕانەوەیان بۆ مانگی ئەیلوول دواخستووە و هێڵی ئاسمانیی بەریتانیش تاوەکوو مانگی تشرینی یەکەم گەشتەکانی هەڵوەشاندووەتەوە.
دەستپێکردنەوەی قۆناغ بە قۆناغی گەشتەکان
هێڵی ئاسمانیی لوفتھانسای ئەڵمانیا لەم مانگەدا و قۆناغ بە قۆناغ دەستیان بە گەشتەکانیان بۆ ئیسرائیل و لە ئیسرائیلەوە بۆ وڵاتەکەیان کردووەتەوە، و کۆمپانیای ویز ئایری هەنگاری لە کۆتایی مانگی ئایاردا گەڕایەوە بۆ بن گۆریۆن، کۆمپانیای ئایر ئەورووپای ئیسپانییش بەنیازە ڕۆژی دووشەممە گەشتەکانی نێوان مەدرید و تەلئەڤیڤ دەستپێبکاتەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا