شاندى باڵاى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پرسى داهاتى نانەوتیی دەچێتە بەغداد

ئارا ئیبراهیم 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەیەکی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوزەیرانی عێراق
کۆبوونەوەیەکی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوزەیرانی عێراق

شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی بۆ پرسی داهاتی نانەوتی و کێشەی کورتهێنانی بودجەی مووچە سەردانی بەغدا دەکات. شاندەکە هەوڵ دەدات لێبڕینی مانگانەی 120 ملیار دینار لەلایەن بەغداوە کەم بکاتەوە بۆ 60 ملیار دینار، یاخود ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی دارایی بکرێتە بنەما، چونکە بەپێی سەرچاوەکان داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 60% کەم بووەتەوە و چیتر توانای پێدانی ئەو بڕە پارەیەی پێشووی نەماوە.

سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا

بڕیارە لەم هەفتەیەدا شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی داهاتی نانەوتی سەردانی بەغدا بکەن و لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق کۆببنەوە.

پێکهاتەی شاندی هەرێمی کوردستان

شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون لە ئاوات جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولکەریم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەک ڕاوێژکار.

پێشنیازەکانی هەرێم بۆ داهاتی نانەوتی

بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە کە بۆ کەناڵ8 قسەی کردووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت مانگانە لە نێوان 50 بۆ 60 ملیار دینار داهاتی نانەوتی ڕەوانە بکات، داوای شاندەکەش دوو خاڵە؛ یان 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بکرێت بە 60 ملیار دینار، یاخود تەرازووی پێداچوونەوە کە داهات و خەرجییەکانی بە وردی تێدایە، بکرێتە پێوەر بۆ ڕەوانەکردنی داهاتی نانەوتیی فیدراڵی.

ئامانجی سەردانەکە و وردبینیی دارایی

بەگوێرەی بەدواداچوونی کەناڵ8یش، ئامانجی سەردانەکە بەرچاوڕوونییە لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە، کە دیوانی چاودێریی دارایی هەردوولا وردبینیی تێدا دەکەن.

کەمبوونەوەی داهاتی نانەوتیی هەرێم

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەمبوونەوەی داهاتی نانەوتییەوە ڕایانگەیاند، داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان نزیکەی 60% کەم بووەتەوە و ناکرێت بەغدا 120 ملیار دینار مەقاسەی تەمویلی مووچە بکات، چونکە مانگی ئایار گرفت بۆ دابەشکردنی مووچە دروست بووە.

چاوخشاندنەوە بە ڕێککەوتنی پێشوودا

شاندەکە دەیەوێت چاوخشاندنەوە بەو ڕێککەوتنەی مانگی تەممووزی ساڵی ڕابردوودا بکات کە پێویست بوو هەرێمی کوردستان مانگانە 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی بدات بە بەغدا، بە گوتەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، ساڵی ڕابردوو داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان 320 ملیار دینار بوو، بەڵام ئێستا کەمترە لە 100 ملیار دینار.

ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران و مەرجەکانی بەغدا

ئەو سەرچاوەیەی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی مووچەی مانگی حوزەیران و تەمویلی بەغداوە ڕایگەیاند، چاوەڕێن لەم هەفتەیەدا تەمویلی مووچە ڕەوانە بکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا نین بەغدا 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی مەقاسە بکات، ئەو پەیامەش بە وەزارەتی دارایی عێراق دراوە، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق داوای کردووە، سەرۆکوەزیران بڕیار لەسەر ئەو پرسە بدات.

ئارا ئیبراهیم

2 کاتژمێر پێش ئێستا