لە پەرلەمانی جۆرجیا شەڕەبۆکس لەنێوان پەرلەمانتارانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن ڕوویدا
لەکاتی پێشکەشکردنی وتاری ساڵانەی سەرۆکوەزیرانی جۆرجیادا، شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان پەرلەمانتارانی پارتی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆن دروست بوو؛ ئەمەش لە کاتێکدایە وڵاتەکە بەهۆی ڕاگرتنی دانوستانەکانی چوونە ناو یەکێتیی ئەورووپاوە، لە تەنگژەیەکی سیاسیی قووڵدایە و خۆپێشاندانەکان بەردەوامن.
شەڕە بۆکسی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن
لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی جۆرجیادا کە وتاری ساڵانەی ئیراکلی کۆباخیدزە، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەی تێدا پێشکەش دەکرا، بوو بە شەڕ لەنێوان ئەندامانی پارتی دەسەڵاتدار و پارتی ئۆپۆزسیۆن و پەرلەمانتارەکان بە بۆکس هێرشیان کردە سەر یەکدی.
تۆمەتبارکردنی پارتی دەسەڵاتدار بە هێرشکردنە سەر ئۆپۆزسیۆن
کۆبوونەوەکە ڕۆژی هەینی بەڕێوە چوو، نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆن ڕایانگەیاند، ئەندامانی پارتی خەونی جۆرجیانی کە پارتی دەسەڵاتدارە، هێرشیان کردووەتە سەر ئەندامێکی پارتی گاخاریای ئۆپۆزسیۆن.
پاشەکشەی دیموکراسی و پرسی یەکێتیی ئەورووپا
دۆخەکە لە کاتی قسەکردنی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆندا ئاڵۆز بوو، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانیان تۆمەتبار کرد، بە پاشەکشەی دیموکراسی و لادانی وڵات لە ڕێگەی خۆی بەرەو بەئەندامبوون لە یەکێتیی ئەورووپا.
کاردانەوەی سەرۆکوەزیران بەرامبەر ئۆپۆزسیۆن
سەرۆکوەزیرانی جۆرجیا لەبارەی هۆکاری ڕووداوەکەوە گوتی، ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی بە هۆکاری ڕووداوەکە زانی و گوتی: "کاتێک زانییان هیچیان نییە بیڵێن، پەنایان بردە بەر بێڕەوشتی و سووکایەتیکردن و دەستدرێژیی جەستەیی".
پێگەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان لە پەرلەماندا
گاخاریا تاکە پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە پەرلەمانی جۆرجیا، پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2024یان ڕەت کردەوە و نەچوونە پەرلەمان.
ئاڵۆزییە سیاسییەکان و ڕاگرتنی دانوستانەکان
بارودۆخی سیاسی لە جۆرجیا لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024ـەوە و دوای ئەوەی سەرۆکوەزیران لەبارەی ڕاگرتنی دانوستانەکانەوە ڕایگەیاند، دانوستانەکانی چوونە ناو یەکێتیی ئەورووپا ڕادەگرێت، ئاڵۆز بووە، سەرەڕای سەرکوتکردنی بەرفراوان، خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەربڕین لەو وڵاتە بەردەوامە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا