زەیدی: لە ماوەی دوو هەفتەدا پۆستە بەتاڵە وەزارییەکان پڕ دەکەینەوە؛ "چەکیش لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت قبوڵ ناکەین"

کیژان مەحمود 1 کاتژمێر پێش ئێستا
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە لە دوای 30ی ئەیلوولەوە دەرئەنجامە سەرەتاییەکانی کارەکانی حکوومەتەکەی بۆ هاووڵاتییان دەردەکەون و لە ماوەی دوو هەفتەشدا پۆستە بەتاڵەکانی کابینەکەی پڕ دەکرێنەوە. زەیدی جەختی لەسەر پێویستیی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا کردەوە و ئاشکرای کرد کە ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بە ناوی "کۆنفرانسی سەروەری" دەکەن؛ هاوكات ڕەتی کردەوە هیچ هێرشێکی درۆنی لە خاکی عێراقەوە کرابێتە سەر سعوودیە.

پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکانی کابینەی حکوومەت

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، لەدوای 30ی ئەیلوولەوە هاووڵاتییان کاریگەریی ئەنجامە سەرەتاییەکانی کارەکانی حکوومەت دەبینن و دەشڵێت، پێشبینی دەکەن لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا پۆستە بەتاڵەکانی کابینەکەی پڕ بکەنەوە.

پێویستیی بڕیاری یەکلاکەرەوە لە دەوڵەتدا

عەلی زەیدی ڕایگەیاندووە، دەوڵەتێکی بەهێز پێویستی بە بڕیاری یەکلاکەرەوە هەیە، یەکلاکردنەوەش بەشێکی سەرەکییە لە بەرپرسیارێتیی دەوڵەتمەدار.

گفتوگۆ لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان و پرسی چەک

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان و پرسی چەکەوە ڕایگەیاند، گفتوگۆی قووڵییان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان ئەنجامداوە و جەختیان لەوە کردەوە، دەوڵەت چوارچێوەی کۆکەرەوەی هەمووانە و بوونی چەک لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت قبووڵکراو نییە، گوتیشی، ناکرێت نکۆڵی بکرێت لە ڕۆڵی گرووپە چەکدارەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، بەڵام قۆناغی ئێستا وا دەخوازێت هەمووان لە ڕێگەی دەوڵەت و دامەزراوەکانییەوە کار بکەن، چونکە ئامانجیان دروستکردنی دەوڵەتە نەک تەنیا بەڕێوەبردنی حکوومەت.

سازکردنی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی سەروەری

زەیدی لەبارەی سازکردنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە بەغدا ڕایگەیاند، ئامادەکاری دەکەن بۆ کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بەناونیشانی "کۆنفرانسی سەروەری" کە جەخت دەکاتەوە لەوەی بڕیاری عێراق لە دەستی عێراقییەکاندایە، ڕاشیگەیاند، سیاسەتی هاوکاری یان دوژمنایەتیی هیچ وڵاتێک پێڕەو ناکەن و دەیانەوێت عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ پەیوەندی و سەقامگیری نەک گۆڕەپانێک بۆ ململانێ.

ڕەتکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر سعوودیە

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەسەر هێرشە درۆنییەکان ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لەسەر هێرشە درۆنییەکان ئاماژەیان بە بوونی هیچ هێرشێک نەکردووە کە لە خاکی عێراقەوە بۆ سەر شانشینی سعوودیە ئەنجام درابێت، هەروەها ڕاسپاردەی ڕوونیان دەرکردووە بۆ ڕێگریکردن لە هەر دەستدرێژییەک لە داهاتوودا.

کیژان مەحمود

1 کاتژمێر پێش ئێستا