دەستگیرکردنی دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر و دەستبەسەرداگرتنی حەوت هەزار حەبی بێهۆشکەر لە ئەنبار
بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عێراق دەستگیرکردنی 2 بازرگانی ماددەی هۆشبەر و دەستبەسەرداگرتنی 7 هەزار حەبی بێهۆشکەری لە بەغداد و ئەنبار ڕاگەیاند. ئەمەش لە کاتێکدایە کە عێراق سزاکانی توندتر کردووەتەوە و تەنیا لە ساڵی 2023ـەوە تاوەکو ئێستا سزای لەسێدارەدان و زیندانیی هەتاهەتایی بەسەر نزیکەی 1,800 بازرگاندا سەپێنراوە.
دەستگیرکردنی دوو بازرگان لە بەغداد و ئەنبار
بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عێراق ڕایگەیاند، لە دوو ئۆپراسیۆنی جیاوازدا لە پارێزگای بەغداد و ئەنبار، دوو بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کران و دەست بەسەر 7 هەزار حەبی بێهۆشکەردا گیرا.
وردەکاریی ئۆپراسیۆنەکەی پارێزگای ئەنبار
لە ڕاگەیەندراوێکى بەڕێوەبەرایەتیى هەواڵگریى سەربازیى عێراق ئاماژە بەوە کراوە، لەسەر بنەمای زانیارییەکی وردی هەواڵگری و بەدواداچوونی بەردەوامی بەشەکانی هەواڵگری و ئاسایش لە فیرقەی 5 و 6ـی بەڕێوەبەرایەتییەکە، مەفرەزەکانی هەواڵگریی سەربازیی فیرقەی 5 توانییان بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان لە ئەنبار دەستگیر بکەن و دەستیش بگرن بەسەر زیاتر لە 7 هەزار حەبی بێهۆشکەر.
دەستگیرکردنی بازرگانێکی دیکە لە بەغداد
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە ئۆپراسیۆنێکی تریاندا لە پارێزگای بەغداد مەفرەزەکانی هەواڵگری لە فیرقەی 6 توانییان بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر بکەن.
ڕادەستکردنی دەستگیرکراوەکان بە لایەنی پەیوەندیدار
بەڕێوەبەرایەتیی ناوبراو لەبارەی چارەنووسی تۆمەتبارەکانەوە ئاماژەی بەوە کردووە، دەستگیرکراوەکان ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون.
ئاماری سزاکانی لەسێدارەدان و زیندانیی هەتاهەتایی
عێراق ڕێوشوێنەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و بازرگانان توندتر کردووەتەوە، پێشتریش عەباس بەهادلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرای کرد، تەنیا لە ساڵی 2023ـەوە تاوەکو ئێستا، 362 بازرگانی ماددەی هۆشبەر سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و 1,500 بازرگانی دیکەش سزای زیندانیی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە.
پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی قاچاخچێتی بە باڵۆن
ڕۆژی 25ـی ئەم مانگەش هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە ناوچەی سنووریی تڕێبیل لە پارێزگای ئەنبار، سەرکەوتوو بوون لە پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی بەقاچاخبردنی بڕی 34 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر کە قاچاخچییەکان دەیانویست لە ڕێگەی باڵۆنێکەوە بیگوازنەوە. لەم ئۆپراسیۆنەدا دەست بەسەر 197 هەزار حەبی کیپتاگۆندا گیرا.
6 کاتژمێر پێش ئێستا