سەرکردایەتیی دوورخراوەی جەهەپە پارتێک دروست دەکات و 86 پەرلەمانتار پەیوەندیی پێوە دەکات

محەمەد عەلی 4 کاتژمێر پێش ئێستا
باڵەخانەی ناوەندیی جەهەپە
باڵەخانەی ناوەندیی جەهەپە

پاش ئەوەی بە بڕیاری دادگا، ئۆزگور ئۆزەل لە سەرۆکایەتیی جەهەپە دوورخرایەوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو گەڕێنرایەوە بۆ سەرۆکایەتیی پارتەکە، دەنگوباسی دامەزراندنی پارتێکی نوێ یان درێژەدان بە کاری سیاسی لەلایەن ئۆزەل و هاوەڵانییەوە لەژێر چەتری یەکێک لەو پارتانەی لە ئارادان گەرمە و بانگەشەی ئەوە دەکرێت 84 پەرلەمانتار و بەرپرسی ڕێکخستنەکانی جەهەپە لە 74 پارێزگا، پەیوەندی بە پارتە نوێیەکەوە دەکەن.

هەوڵەکان بۆ چوونە نێو پارتی یەکێتیی ئەنادۆڵ

یەکێک لەو پارتانەی ئۆزەل و هاوەڵانی بە مەبەستی درێژەدان بە کاری سیاسی لە چوارچێوەیدا لەگەڵیاندا کۆبوونەتەوە، پارتی یەکێتیی ئەنادۆڵە. پارتەکە ڕێکخستنی لە 81 پارێزگای تورکیادا هەیە و مافی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکاندا لەلایەن دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەوە هەیە و ئۆزگور ئۆزەل و هاوەڵانی بێ کێشە دەتوانن بە مەبەستی بەشداریکردن لە هەر هەڵبژاردنێکدا وەک چەتری سیاسی بەکاریبهێنن.

لێدوانی سەرۆکی پارتی یەکێتیی ئەنادۆڵ

بەدری یاڵچن، سەرۆکی گشتیی پارتی یەکێتیی ئەنادۆڵ، لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارەکانی لەگەڵ سەرکردایەتیی دوورخراوەی جەهەپە زانیاری داوەتە میدیاکانی تورکیا و لەبارەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانی جەهەپە ڕایگەیاند: "هەردوولامان تیممان هەیە بۆ گفتوگۆکردن و هەر لایەنەمان لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی لەسەر لایەنەکەی دیکە کردووە". ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان ڕێکخستنیان لە تەواوی 81 پارێزگاکەی تورکیادا هەیە و لەبارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکانەوە دەڵێت: "لەبارەی ئەو کەسانەیە کە جەهەپە جێدەهێڵن و دێنە نێو پارتەکەمانەوە. هیچ کێشە و ڕێگرییەک لەو بارەیەوە نییە".

ئەگەری گەڕانەوە بۆ ناو جەهەپە

سەرۆکی پارتی یەکێتیی ئەنادۆڵ لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی ئەندامە نوێیەکان بۆ ناو جەهەپە ئاشکرای کرد: "ئەوانەی دێنە نێو پارتی یەکێتیی ئەنادۆڵەوە، چانسی گەڕانەوەیان بۆ نێو جەهەپە نییە و ئەگەر بشچنەوە وەرناگیرێنەوە".

پێکهێنانی فراکسیۆنێکی نوێ لە پەرلەمان

بەدری یاڵچن لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووی پارتەکەی و ژمارەی پەرلەمانتارەکان ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ هاتنی ئەندامانی جەهەپە، ناچار دەبن کۆنگرە ببەستن و فراکسیۆنێکی نوێ لە پەرلەمان پێکبهێنن. سەبارەت بە ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەشی پەیوەندی بە پارتەکەیەوە دەکەن گوتی: "86 پەرلەمانتار و بەرپرسی ڕێکخستنەکانی جەهەپە لانیکەم لە 74 پارێزگا دەبن".

محەمەد عەلی

4 کاتژمێر پێش ئێستا