پارتی: با پەرلەمان کارا بکرێتەوە و گفتوگۆکان ببرێنە ناو هۆڵی پەرلەمان

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

مەکتەبی سیاسیی پارتی پەیامێک ئاراستەی لایەنەکانی بەشدار لە پەرلەمان دەکات و ڕادەگەیەنێت، "با پەرلەمان کارا بکەینەوە و پەرلەمانتاران لە ناو هۆڵی پەرلەمان بەرپرسیار بن لە ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەرهەمدار و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو".

هەوڵەکان بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوەکان

لە ڕاگەیێنراوەکەی پارتی دا هاتووە، "هەر لە دوای کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و ڕاگەیاندنی ئاکامەکانی، لە ڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و خەمخۆری بۆ بارودۆخی هەرێم، هەوڵەکانمان دەست پێ کرد بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێم بەگوێرەی یاسای بەرکار".

بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێ

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێنراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ئاماژە بەوە کراوە، سەرەڕای هەوڵەکانی پارتی و سەرۆکی ئەو حیزبە بۆ نزیکبوونەوە لە چارەسەری ئەو کێشانەی کە بەربەستن لەبەردەم کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێم و پێکهێنانی کابینەی دەیەم، بەڵام "بەتەنگەوەهاتن و هەڵوێستی ئەرێنیی پێویست بەرچاو نەبووە".

بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی لەم قۆناغەدا

لە ڕاگەیێنراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی ئەوەش کراوە، "بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، بەرپرسیاریەتیی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەخلاقیمان دەخاتە ئەستۆ بۆ هەرچی زووتر دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دەربازبوون لەو دۆخە نەخوازراوەی ئێستا، کە بۆ هیچ لایەک سوودی تێدا نابینرێت".

داواکاریی کۆتایی بۆ دەربازبوون لە چەقپەستوویی

مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ دەربازبوون لەو دۆخە چەقبەستووە داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکات و لەبارەی شێوازی دۆزینەوەی ڕێگەچارەکانەوە دەڵێت، "لایەنەکانی بەشدار لە پەرلەمان چ ئەوانەی کورسییان زۆرە و چ ئەوانەی کورسیی کەمتریان هەیە، پەرلەمان کارا بکەینەوە و پەرلەمانتاران لە ناو هۆڵی پەرلەمان بەرپرسیار بن لە ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەرهەمدار و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و، هەموولایەکمان پابەندی ئەو ڕێگەچارەسەرە بڕیارلێدراوەی پەرلەمانی کوردستان بین".

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا