ئامار و وردەکاریی 12 ساڵی ڕابردووی مووچە؛ هەر مووچەخۆرێک 15 بۆ 50 ملیۆن دیناری لای حکومەتە
وەزارەتی دارایی داتا و ئامارەکانی 12 ساڵی ڕابردووی دابەشکردنی مووچەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، مووچە نەدراوەکان کراون بە قەرز بەسەر حکومەتی هەرێمەوە. بەپێی داتاکان، لە کۆی 132 مانگ تەنیا 72 مووچەی تەواو دراوە و لە ئێستاشدا کۆی قەرزی مووچەخۆران زیاتر لە 24 تریلیۆن دینارە.
قەبارەی قەرزی مووچەخۆران لای حکومەت
حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزارباڕی مووچە نەدراوەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە و هەر مووچەخۆرێک 15 بۆ 50 ملیۆن دیناری لای حکومەتە.
فەرمیبوونی قەرزی مووچەکان
ئاوات شێخ جەناب، لە 23ـی حوزەیران لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی داتا و ئامارەکانی وەزارەتی دارایی جەختی لەوە کردەوە، مووچە نەدراوەکانی حکومەتیان کردووە بە قەرز بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.
کورتەیەک لە دۆخی دابەشکردنی مووچە
حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزارباری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، بەکۆیی گشتی 15 مووچەی دابەش نەکردووە، 45 مووچەشی بە چارەکە مووچە و لێبڕینی 21% و 18% دابەش کردووە و 72 مووچەشی لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا بەتەواوی خەرج کردووە.
سەرەتای قەیرانی دارایی لە ساڵانی 2015 تا 2016
لە ساڵی 2015 حکومەتی هەرێمی کوردستان، چوار مووچەی دابەش نەکرد، لە 2016 کۆی مووچەی مانگەکان بە چارەکە مووچە دابەش کرا.
بەردەوامیی سیستمی پاشەکەوت لە ساڵانی 2017 تا 2018
لە 2017دا 11 چارەکە مووچە دابەش کرا و یەک مووچەی تەواو دابەش نەکرا و لە 2018 بەهەمان شێوە 11 چارەکە مووچە دابەش کرا و مووچەیەک دابەش نەکرا.
دۆخی مووچە لە سەرەتای کابینەی نۆیەمدا
لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی، لە ساڵی 2019 مووچەی تەواو دابەش کراوە و لە ساڵی 2020 چوار مووچە خەرج نەکرا و چوار مووچەش بە لێبڕینی 21% و یەک مووچەش بە لێبڕینی 18% دابەش کرا و سێ مووچەی تەواویش دابەش کراوە.
گۆڕانکارییەکانی ساڵانی 2021 تا 2022
هەروەها لە ساڵی 2021 شەش مووچە بە لێبڕینی 21% خەرج کرا و شەش مووچەی تەواویش خەرج کراوە و لە ساڵی 2022 مووچەی تەواوی 12 مانگەکە خەرج کراوە.
کێشەی بودجە و مووچە لەگەڵ بەغدا لە ساڵانی 2023 تا 2025
لە ماوەی ساڵانی 2023 بۆ 2025 وەزارەتی دارایی لەبارەی پشکی هەرێم و شایستە داراییەکانەوە ئەوەی خستووەتەڕوو، بەغدا شەش مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان قەرزارە، کە لە ساڵی 2023 نۆ مووچە دابەش کراوە و سێ مووچە دابەش نەکرا، هەروەها لە ساڵی 2024یش 11 مووچە دابەش کراوە و یەک مووچە دابەش نەکرا، لە ساڵی 2025یش 10 مووچە دابەش کراوە و دوو مووچە دابەش نەکرا.
کۆکردنەوەی ئاماری گشتیی 11 ساڵی ڕابردوو
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 11 ساڵی ڕابردوودا، لە 2015 تاوەکو کۆتایی 2025 کە 132 مانگ دەکات، 72 مووچەی تەواوی دابەش کردووە و 45 مووچەی بە لێبڕین و چارەکە مووچە خەرج کردووە و 15 مووچەی تەواویشی دابەش نەکردووە.
ئاماری داتاکان بەپێی ساڵنامە
مووچە لە نێوان 2015 بۆ 2025
ساڵی 2015 : 8 مووچەی تەواو دابەش کرا و 4 مووچە دابەش نەکرا
ساڵی 2016 : 12 چارەکە مووچە دابەش کرا
ساڵی 2017 : 11 چارەکە مووچە دابەش کرا و 1 مووچە دابەش نەکرا
ساڵی 2018 : 11 مووچە بە لێبڕینەوە دابەش کرا و 1 مووچەی تەواو دابەش کرا
ساڵی 2019 : مووچەی تەواو دابەش کرا
ساڵی 2020 : 4 مووچە خەرج نەکرا و 4 مووچە بە لێبڕینی 21% و 1 مووچە بە لێبڕینی 18%ەوە و 3 مووچەی تەواو دابەش کرا.
ساڵی 2021 : 6 مووچە بە لێبڕینی 21% و 6 مووچەی تەواو خەرج کرا
ساڵی 2022 : مووچەی تەواو خەرج کرا
ساڵی 2023 : 9 مووچە خەرج کرا و 3 مووچە پاشەکەوت کرا
ساڵی 2024 : 11 مووچە خەرج کرا و 1 مووچە خەرج نەکرا
ساڵی 2025 : 10 مووچە خەرج کرا و 2 مووچە خەرج نەکرا
کۆبەندی گشتیی مووچە لە نێوان 2015 بۆ 2025
کۆی گشتی : 132 مووچە ، 72 مووچە خەرج کرا و 15 مووچە خەرج نەکرا و 45 مووچە بە لێبڕینەوە خەرج کراوە
کۆی گشتیی قەرزی مووچەخۆران لای حکومەت
کۆی گشتیی قەرزی مووچەی مووچەخۆران لەلای حکومەت: 24,571 تریلیۆن دینار
هەر مووچەخۆرێک بە تێکڕا: 15 بۆ 50 ملیۆن دینار
2 کاتژمێر پێش ئێستا