نەوەی نوێ وەڵامی پارتی دەداتەوە: دەستبەرداری شەڕی پۆست ببن هەمووان ئامادەی گفتوگۆن

رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی جوڵانەوەی نەوەی نوێ
لۆگۆی جوڵانەوەی نەوەی نوێ

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە وەڵامی مەکتەبی سیاسیی پارتیدا ڕایگەیاند، ئەگەر پارتی ئامادە بێت دەستبەرداری شەڕی پۆست ببێت، سەرجەم لایەنەکان ئامادەی دانیشتنن. نەوەی نوێ جەختی کردەوە کە دانانی هێڵی سوور لەلایەن پارتییەوە بۆ پۆستە باڵاکان، بە واتای داخستنی دەرگای گفتوگۆکانە.

وەڵامی نەوەی نوێ بۆ پەیامەکەی پارتی

نەوەی نوێ، وەڵامی ڕاگەیێنراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەداتەوە و دەڵێت گەر پارتی ئامادەن دەستبەرداری شەڕی پۆست ببن، ئەوا هەموو لایەنەکانی دیکە ئامادەی دانیشتنن، بەڵام هێڵی سووری پارتی بۆ پۆستەکان واتای کۆتاییهێنانە بە ئەزموونی هەرێمی کوردستان.

بەرپرسیاریەتیی پێکنەهێنانی دەستەی سەرۆکایەتی

ئەنجوومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ڕاگەیێنراوێکدا، ئاماژەی بە هەوڵەکانیان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کردووە و بەرپرسیاریەتیی هەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی خستووەتە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستان.

کاردانەوەی میدیای پارتی بەرامبەر هۆشدارییەکەی شاسوار عەبدولواحید

ئەنجوومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی هێرشە میدیاییەکانەوە ڕاشیگەیاندووە، کاتێک شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، هۆشداری دەدات لەوەی کە ئەگەر ئەم کێشانە چارەسەر نەکرێن، هەرێمەکەیان لەدەست دەچێت، ئەوا میدیاکانی پارتی بەڕەسمی و ناڕەسمییەوە، بەوپەڕی بێڕێزییەوە دەست دەکەنە هێرشکردن و تەخوین و ناوزڕاندن، بەبێ ئەوەی خۆیان لە قەرەی مەترسییە ڕاستەقینەکە بدەن.

ڕەخنە لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ هێزە سیاسییەکان

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ڕاگەیێنراوەکەیدا لەبارەی کاریگەریی هێرشە میدیاییەکان لەسەر دیالۆگ دەڵێت، ئەم جۆرە هێرشکردن و ناوزڕاندن و تەخوینکردنە بەرامبەر سەرۆکی پارتێکی خاوەن 15 کورسیی پەرلەمانی کوردستان، لەکوێی دنیا زەمینەسازی بۆ گفتوگۆ و دانیشتن و چارەسەری کێشەکان دروست دەکات.

ئامانجی سەرەکیی هۆشداریدانەکەی نەوەی نوێ

باسی لەوەش کردووە، پێویست بوو پارتی دیموکراتی کوردستان درک بەوە بکات کە هۆشدارییەکەی شاسوار عەبدولواحید لە خەمخۆری و دڵسۆزییەوە بوو بۆ هەرێمی کوردستان و دامەزراوە و دامودەزگا ڕەسمییەکان، تا گەلی کوردستان و هەرێمەکەش لەڕێگەی بەگەڕخستن و شەرعییەتپێدانی دامەزراوەکانییەوە لەهەموو مەترسییەک بپارێزرێت.

ڕەتکردنەوەی پشتبەستن بە پۆستەکان

جەختیشی کردووەتەوە، پێویستە هەموو لایەک ئەو ڕاستییە بزانن، گەر هەر لایەنێک خۆی بە دڵسۆزی هەرێم و کورد و کوردستان دەزانێت، ئەوا نابێت شەڕی پۆست بکات و دەست بگرێت بە هیچ پۆستێکەوە و نابێت هەرێمی کوردستان بکرێت بەقوربانیی پۆست.

مەرجی نەوەی نوێ بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان

ئەنجوومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی هێڵە سوورەکانی پارتی بۆ پۆستە باڵاکان دەشڵێت، ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەن دەستبەرداری شەڕی پۆست ببن، ئەوا هەموو لایەنەکانی تر ئامادەی دانیشتنن، بەڵام کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان بە 39 کورسییەوە دەڵێت هێڵی سووریان هەیە بۆ پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەوا واتای کۆتاییهێنانە بە ئەزموونی هەرێم و داخستنی هەموو دەرگاکانە بەڕووی گفتوگۆ و دانیشتن.

رێبوار حەمەوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا