حکومەتى هەرێم لە ساڵی 2014ـەوە 20 مووچەی تەواوی دابەشنەکردووە
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی، لە حەوت ساڵی ڕابردوودا لە کۆی 84 مانگ 10 مووچە بە تەواوی نەدراوە. ئەم قەیرانە کە لە ساڵی 2014ـەوە بەهۆی شەڕی داعش و کێشەکانی لەگەڵ بەغداد سەری هەڵدا و لە ساڵی 2014ـەوە تا ئێستا 20 مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە و ئەوەش بارگرانییەکی زۆری دارایی و کۆمەڵایەتی بەسەر هاونیشتمانیان و مووچەخۆراندا هێناوە.
ئاماری گشتیی دابەشکردنی مووچە
بە گوێرەی دوایین ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی مووچە، لە حەوت ساڵی ڕابردوودا لە کۆی 84 مانگ 74 مووچە دابەش کراوە و 10 مووچەش نەدراوە.
مێژووی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی
دوای سەرهەڵدانی شەڕی داعش و قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، قەیرانی مووچە لە هەرێمی کوردستان سەری هەڵدا، بەجۆرێک حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 2014ـەوە 20 مووچەی تەواوەتی دابەش نەکردووە، بەجۆرێک لە 2014 سێ مووچە، لە 2015 چوار مووچە، 2020 حەوت مووچە، 2023 سێ مووچە، 2024 یەک مووچە، 2025 دوو مووچە نەدراوە.
ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە و لێبڕینەکان
هەر لەو ماوەیەدا 45 مووچەشی بە چارەکە مووچە و لێبڕینی 21% و 18% دابەش کردووە، واتە هەر مووچەخۆرێک 15 بۆ 50 ملیۆن دیناری لای حکومەتە. ئەمە جگە لەوەی پلەبەرزکردنەوەی ڕاوەستاوە و بە تێکڕا هەر مووچەخۆرێک لە نێوان سێ بۆ چوار پلەبەرزکردنەوەی بۆ نەکراوە.
نموونەیەک لە زیانی دارایی فەرمانبەران
واتە ئەگەر مووچەخۆرێک لە ساڵی 2014 مووچەکەی 700 هەزار دینار بووبێت، ئەگەر پلەبەرزکردنەوە بەردەوام بووایە ئێستا مووچەکەی نزیکەی ملیۆنێک دینار دەبوو، واتە بەگشتی ئەم فەرمانبەرە جگە لە لێبڕین و پاشەکەوتەکان، 20 مووچەی وەرنەگرتووە کە دەکاتە 14 ملیۆن دینار.
قەرزی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لای هاووڵاتییان
لەبەرامبەردا ئەگەر مووچەخۆرێک بەهۆی نەدانی مووچە و پاشەکەوت و لێبڕینەوە، پارەی ئاو و کارەبای ساڵی ڕابردووی نەدابێت، تێکڕا لە نێوان ملیۆنێک و 500 هەزار بۆ دوو ملیۆن دینار پارەی کارەبا و نزیکەی ملیۆنێک دینار پارەی ئاوی لایە.
کێشەی کرێچێتی و کەڵەکەبوونی قەرزەکان
ئەمە جگە لەوەی نموونەی هەزاران مووچەخۆر هەیە کە کرێچی بووە و نەیتوانیوە کرێی خانووەکەی لە کاتی خۆیدا بدات، یاخود ئەگەر کرێشی دابێت، ئەوەی بۆی ماوەتەوە بەشی خەرجییەکانی ڕۆژانەی نەکردووە و ناچار بووە تاوەکو مووچە وەردەگرێت قەرز بکات.
دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی قەیرانی دارایی
هەروەها قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچە، سەدان کێشەی کۆمەڵایەتیی دروست کرد و چەندین خێزان بەهۆی خراپیی باروگوزەرانەوە لەبەریەک هەڵوەشانەوە و ئێستاشی لەسەر بێت مووچەخۆران تاوەکو مووچەکانیان وەردەگرن دەستیان لەسەر دڵیانە و خەمی مووچەی داهاتوویانە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا