11 ساڵە پلەبەرزکردنەوە لە هەرێمى کوردستان ڕاگیراوە و فەرمانبەران چاوەڕوانى پلەبەرزکردنەوە دەکەن

شۆڕش محەمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
پرسی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەک داواکارییەکی سەرەکی ماوەتەوە
پرسی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەک داواکارییەکی سەرەکی ماوەتەوە

پرسی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی لە هەرێمی کوردستان دوای 11 ساڵ لە ڕاگرتنی هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە. بەپێی بەدواداچوونەکان، بەهۆی ڕاگرتنی سێ تا چوار پلەبەرزکردنەوە و سەرەمووچەی ساڵانەوە، فەرمانبەران مانگانە زیاتر لە 300 هەزار دینار زیانی داراییان بەرکەوتووە و چاوەکان لەسەر جێگیرکردنی شایستەکانیانە لە بودجەی داهاتوودا.

چاوەڕوانیی فەرمانبەران بۆ پلەبەرزکردنەوە

دوای ساڵانێک لە ڕاگرتنی بەهۆی قەیرانی داراییەوە، پرسی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی هێشتا وەک داواکارییەک ماوەتەوە و فەرمانبەران چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی دەکەن.

ماوەی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەکان

لە سەرەتای ساڵی 2016ـەوە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ڕاگیراوە و بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ژووری هەواڵی کەناڵ8، فەرمانبەران سێ تاوەکو چوار پلەبەرزکردنەوەیان ڕاگیراوە.

سیستمی یاساییی پلەبەرزکردنەوە

لە سەرەتای مانگی 1ـی ساڵی 2016، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ڕاگیرا و بۆ هەندێک لە فەرمانبەران سێ ساڵ جارێک و بۆ هەندێکی دیکە چوار ساڵ جارێک پلەبەرزکردنەوە دەیانگرێتەوە.

ژمارەی ئەو پلانەی فەرمانبەران لێی بێبەشبوون

کەناڵ8 زانیویەتی، لەو کاتەوەی کە پلەبەرزکردنەوە ڕاگیراوە بەشێک لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان سێ پلەبەرزکردنەوە و بەشێکی تریان چوار پلەبەرزکردنەوەیان بۆ نەکراوە.

بڕی داراییی زیادبوو بۆ سەر مووچە

لە دۆخی خەرجکردنی پلەبەرزکردنەوە بۆ فەرمانبەران بە تێکڕا هەر مووچەخۆرێک لەنێوان 50 بۆ 100 هەزار دینار بۆ هەر پلەبەرزکردنەوەیەک دەچێتە سەر مووچە بنەڕەتییەکەی.

ڕاگرتنی سەرەمووچەی ساڵانە

جگە لە پلەبەرزکردنەوە لە هەرێمی کوردستان ماوەی دوو ساڵە سەرەمووچە ڕاگیراوە و بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کەناڵ8، لە ساڵی 2024ـەوە سەرەمووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج ناکرێت.

بەهای داراییی سەرەمووچە

سەرەمووچە ساڵانەیە و بۆ هەر ساڵێک لە نێوان 5 هەزار دینار تاوەکو 10 هەزار دینار دەچێتە سەر مووچەی فەرمانبەر.

نموونەیەکی گریمانەیی لە زیانی فەرمانبەران

ئێستا ئەگەر بەشێوەیەکی گریمانەیی مووچەی فەرمانبەرێک وەربگرین کە مانگانەکەی 500 هەزار دینارە بە هەژمارکردنی ئەو پلەبەرزنەکردنانەی کە بۆی نەکراوە ئەگەر بۆ نموونە سێ پلەبەرزکردنەوەی بۆ نەکرابێت و هەروەها ئەو دوو سەرەمووچەیەی کە بۆی نەبەستراوە کە نزیکەی 20 هەزار دینارە، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە زیاتر لە 300 هەزار دینار ستەمی لێکراوە و لە بری ئەوەی زیاتر لە 800 هەزار دینار وەربگرێت 500 هەزار دینار وەردەگرێت.

کۆی گشتیی زیانی مانگانەی هەر فەرمانبەرێک

بەواتایەکی تر هەر فەرمانبەرێکی هەرێمی کوردستان کە لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا پلەبەرزکردنەوە و سەرەمووچەی ڕاگیراوە مانگانە زیاتر لە 300 هەزار دینار زیانی بەرکەوتووە.

هەوڵەکان بۆ چەسەپاندنی شایستەکان لە بودجەدا

لەگەڵ ئەوەی چەند جارێک لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاماژە بە دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران کراوە بەڵام هێشتا هیچ هەنگاوێکی کرداری لەو بوارەدا نەنراوە و لە ئێستادا چاوەکان لەسەر هەوڵێکی وەزیری دارایی عێراقە بۆ جێگیرکردنی پارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027ـی عێراقدا.

شۆڕش محەمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا