ئایا هەرگیز پرسیوتە نەشتەرگەریی بڕینی گەدە چۆن دەبێتەهۆی کێش دابەزاندن؟

سەروەر سالار 3 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی بڕینی گەدە
وێنەی بڕینی گەدە

زۆربەی هاونیشتمانییان وا دەزانن نەشتەرگەریی بڕینی گەدە تەنیا پرۆسەیەکی میکانیکی کەمکردنەوەی قەبارەی گەدەیە، بەڵام ڕاستییە پزیشکییەکە زۆر لەوە سەرنجڕاکێشترە!

ئەم نەشتەرگەرییە تەنها لە ڕێگەی بچووککردنەوەی گەدەوە کار ناکات، بەڵکو سیستمی هۆڕمۆنی و مێشکی چارەخوازەکە بە تەواوی دەگۆڕێت، واتە پرۆسەکە لە یەک کاتدا میکانیکی و کیمیاییە، لێرەدا بە کورتی ڕوونی دەکەینەوە کە چۆن نەشتەرگەریی بڕینی گەدە ئەنجام دەدرێت:

کەمکردنەوەی قەبارەی گەدە

لە کاتی نەشتەرگەرییەکەدا، نزیکەی %75 بۆ  %80ـی گەدە دەبڕدرێت و لادەبرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا تورەکەیەکی باریکە بە قەبارەی مۆزێک، ئەمەش واتە تێربوونی خێرا تەنیا بە چەند کەوچکێک خواردن،  کە وادەکات کەسەکە نەتوانێت زێدەڕۆیی لە خواردندا بکات.

کەمکردنەوەی ئاستی دەردانی هۆڕمۆنی برسییەتی

لە نەشتەرگەریی بڕینی گەدەدا ئەو بەشەی گەدە کە لادەبرێت، کە بەرپرسە لە دەردانی هۆرمۆنێک بە ناوی غریلین (پێی دەوترێت هۆڕمۆنی برسییەتی)، کاتێک ئەم بەشەی گەدە نامێنێت، ئاستی هۆرمۆنەکە لە خوێندا بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، لە ئەنجامدا چارەخوازەکە دوای نەشتەرگەرییەکە بۆ ماوەیەکی درێژ هەست بە برسییەتیی ڕاستەقینە ناکات، تەنانەت ئەگەر کەمیش بخوات.

گۆڕینی نامەکانی مێشک

کاتێک گەدە خێراتر پڕ دەبێت، پەیامێکی بەپەلە لە ڕێگەی دەمارەکانەوە بۆ مێشک دەنێرێت کە دەڵێت '' تەواو، وزەی پێویست هەیە''، مێشکیش ڕاستەوخۆ پڕۆسەی زیندەچالاکی (سوتاندنی وزە) چالاک دەکات و پرۆسەی دابەزاندنی کێش دەست پێدەکات، بەبێ ئەوەی جەستەی چارەخوازەکە هەست بە (شۆکی برسییەتی) بکات.

ئەم هۆکارانە وا دەکەن نەشتەرگەریی بڕینی گەدە ببێتەهۆی کێش دابەزاندن، هاوکات ئەم نەشتەرگەرییە دەبێتەهۆی نەمانی بەشێک لە کاریگەرییە نەخوازراوەکانی دیکەی قەڵەوی، دەرئەنجام و سەرکەوتنی نەشتەرگەرییەکە کاتێک دەستپێدەکات کە چارەخوازەکە هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی گەدەی، شێوازی ژیانی، جۆری خواردنەکانیشی بگۆڕێت بۆ ژیانێکی تەندروستتر.

د.محەممەد بەرزنجی

پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی

سەروەر سالار

3 کاتژمێر پێش ئێستا