زانیاریى کەناڵ8: شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ ئەسیکۆدا ئەمڕۆ دەچنەوە بەغداد
گفتوگۆکانی هەولێر و بەغداد لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ یەکشەممە کاتژمێر 10:00ی سەرلەبەیانی نوێنەرانی بەشێک لە وەزارەت و دەستەکان لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەن. هەروەها بڕیارە هەر ئەمڕۆ شاندێکی باڵا لەسەر پرسی ئەسیکۆدا بچێتەوە بەغداد.
پێکهاتەی بەشداربوانی کۆبوونەوەی وەزارەتی دارایی
ڕزگار حەمەخدر، ڕاوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ، لەبارەی بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆوە بە کەناڵ8ی ڕاگەیاند: "کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە وەزارەتی دارایی، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتەکانی (کشتوکاڵ ڕزگار حەمەخدر، دارایی، ڕاوێژکاری وەزارەتی دارایی، بازرگانی، نەوزاد شێخ کامیل، سامی جەلال لە وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی پلاندانان، محەمەد شوکری لە دەستەی وەبەرهێنان، بڵند ئەحمەد لە چاودێریی بازرگانی، کەمال ڕەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ) و چەندین بەرپرسی دیکەی پەیوەندیدار بەڕێوەدەچێت."
داواکارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە سیستمی ئەسیکۆدا
ناوبراو لەبارەی داواکارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵەوە ئەوەی خستەڕوو، ئەوەی پەیوەست بێت بە وەزارەتی کشتوکاڵ، جێگیرکردنی ڕۆژمێری کشتوکاڵییە لە سیستمی ئەسیکۆدا کە ئەو بەرهەمانەی لە ناوخۆدا لە کاتی پێگەیشتندان، هاوردەکردنیان لە دەرەوە قەدەغە بکرێت و پاڵپشتیی بەرهەمی ناوخۆیی بکرێت، هاوکات، لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو بەرهەمانەی کە پێویستە هاوردە بکرێن، جێگیر بکرێت.
ئامانجی سەردانی شاندەکە بۆ بەغداد
ڕاوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ لەبارەی ئامانجی سەردانەکەیان بۆ بەغداد ئاماژەی بەوە کرد، کە لە کاتی چوونیان بۆ بەغداد ئەوان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار کە وەزارەتی کشتوکاڵە گفتوگۆ دەکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، هەموو وەزارەت و دەستە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکەش بە هەمان شێوە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداردا گفتوگۆ دەکەن.
گرنگترین خاڵە جێناکۆکەکانی نێوان هەولێر و بەغداد
هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، لە کۆبوونەوەی وەزارەتی دارایی گفتوگۆ لەسەر سەرجەم ئەو خاڵانە دەکرێت کە ناکۆکییان لەسەرە، لە سەروو هەمووشیانەوە پرسی باجی گومرگییە لە نێوان هەولێر و بەغداد.
تێڕوانینی جیاوازی هەولێر و بەغداد بۆ داهاتەکان
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆچوونی وایە، هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی فیدراڵییە و پێویستە باجی گومرگی لە دەروازەکانی وەربگیرێت و بە ئەلیکترۆنی داهاتەکان داخڵی سیستمێک بکرێن و پاشان لە چوارچێوەی داهاتی نانەوتیی مانگانەدا 50%ی داهاتەکە بۆ بەغداد ڕەوانە دەکەن، بەڵام بەغداد داوای کردووە سەرجەم داهاتی باجی گومرگی لای خۆی بێت و دواتر 50%ی داهاتەکە بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکاتەوە.
کاتی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لە بەغداد
بە گوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرە گشتییەکان لەگەڵ وەزیری دارایی، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێک بچێتەوە بەغداد و ڕۆژی دووشەممە دەست بە گفتوگۆکان دەکرێتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا.
ئەندامانی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان
هەر بە گوێرەی زانیارییەکان ئەندامانی شاندەکە پێکهاتوون لە؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، عەبدولکەریم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و کەمال ڕەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لەگەڵ سامی جەلال لە تیمی دانوستانکار بۆ پرسی دەروازە سنوورییەکان.
ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا
سەرەڕای لێدوانە فەرمییەکان لەبارەی بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر سیستمی گومرگیی ئەسیکۆدا، بەڵام بەهۆی زۆریی ناکۆکییەکانی نێوانیانەوە، پێناچێت سیستمەکە لە هەرێمی کوردستان لەو وادەیە جێبەجێ بکرێت کە عێراق دیاریکردووە کە مانگی 8ـە.
وردەکاریی خاڵە تەکنیکییە جێناکۆکەکان
کەناڵ8 لەبارەی ناوەڕۆکی خاڵە جێناکۆکەکانی نێوان هەولێر و بەغداد زانیویەتی، ناکۆکییەکان لەسەر دەروازە فەرمییەکان، ژمارەی باج، دووجار باجدان، لێخۆشبوونی باج، هاوردەکردنی کەلوپەلی ئەلیکترۆنی، کە بەغداد داوا دەکات ڕەزامەندیی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بۆ وەربگیرێت، هەروەها دانپێدانان بە ناوچەی بازرگانیی ئازاد و ترانزێتی کاتی و چەندین بابەتی دیکە جێگەی ناکۆکیی نێوانیانە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا