وەزارەتی دارایی: خەرجییەکان لە ماوەی حەوت ساڵدا 78.5 تڕیلیۆن دینار بووە

یاد نەوزاد 1 کاتژمێر پێش ئێستا
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داتای خەرجییە گشتییەکانی نێوان ساڵانی 2019 تاوەکو 2025ی بڵاوکردەوە کە تێیدا تێکڕای خەرجییە کردارییەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 78 تریلیۆن و 500 ملیار دینار و پشکی شێریشی بۆ خەرجیی مووچە بووە.

بڵاوکردنەوەی پەرتووکی کار و چالاکییەکان

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی خەرجییەکانی لە حەوت ساڵی ڕابردوودا، ڕاگەیەندراوێکی بە داتا و زانیاری بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە درێژەی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی پەرتووکی کار و چالاکی و چاکسازییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ساڵی 2019 تاوەکو 2025 بەشێکی تایبەتە بە خەرجییە گشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو حەوت ساڵەدا کە تێکڕای خەرجییە کردارییەکان دەگاتە زیاتر لە 78 تریلیۆن و 500 ملیار دینار.

دابەشبوونی داتای خەرجییەکان

وەزارەتی دارایی لەبارەی وردەکاریی دابەشبوونی خەرجییەکانەوە خستوویەتیەڕوو، لەو ژمارەیە زیاتر لە 65 تریلیۆنی خەرجیی مووچە بووە و زیاتر لە 13.5 تریلیۆنیش خەرجیی بەگەڕخستن کە بریتییە لە خزمەتگوزارییەکانی ڕۆژانەی فەرمانگە و وەزارەتەکان و هیتر بووە، ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، هەروەها زیاتر لە 4 تریلیۆن خەرجیی بەرهەمهێنانی کارەبا بووە و نزیکەی 4 تریلیۆنیش خەرجیی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بووە.

شایستە و خەرجییە نەکراوەکان

وەزارەتی دارایی و ئابووری لەبارەی ئەو شایستە و مووچانەی خەرج نەکراون ڕایگەیاند، ئەمە جگە لەو مووچانەی کە لەو ماوەیەدا خەرج نەکراون، لەگەڵ ڕێژەی لێبڕینەکانی خانەنشینیی مووچە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و جیاوازییەکانی، هەروەها لەگەڵ شایستەی کۆمپانیاکان و بەڵێندەران کە خەرج نەکراون، لەگەڵ خەرجیی بەرهەمهێنانی کارەبا کە بەشێکیان بەشێوەی چەک و مەقاسە خەرجکراون بەهۆی کەمیی نەختینەی بەردەست لە بانکەکاندا.

یاد نەوزاد

1 کاتژمێر پێش ئێستا