سوپای ئەمریکا بە فەرمانی ترەمپ هێرشی کردەوە سەر ئێران
سوپای ئەمریکا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ هێرشی کردەوە سەر ئێران، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هوورمز. لە هێرشەکاندا ژێرخانی سەربازیی ئێران کراوەتە ئامانج و نۆ درۆنی ئێرانیش لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و بەحرەینەوە خراونەتە خوارەوە.
فەرمانی ترەمپ بۆ هێرشکردنە سەر ئێران
سوپای ئەمریکا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ترەمپ لەبارەی هێرشکردنە سەر ئێرانەوە ڕایگەیاند، لە بەرامبەر هێرشی ڕۆژی شەممەی ئێران بووە بۆ سەر کەشتییەکی دیکەی بازرگانی لە گەرووی هوورمز.
ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی سێنتکۆم
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، فڕۆکە جەنگییەکان ژێرخانی چاودێریی سەربازی و سیستمی پەیوەندی و خاڵی بەرگریی سەربازیی ئێرانیان کردووە ئامانج. هەروەها لە هێرشەکاندا توانا سەربازییەکانی ئێران بۆ چاندنی مینی دەریایی بۆردوومان کراون.
ئامادەباشی بۆ پاراستنی ڕێڕەوە دەریاییەکان
سێنتکۆم جەختدەکاتەوە کە جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هوورمز بەردەوامە و هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئەو ڕێڕەوە دەریاییە.
بەهێزیی هێرشەکانی شەوی ڕابردوو
هاوكات بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکی لەبارەی ئاستی هێرشەکانەوە بە فۆکس نیوزی ڕایگەیاند، هێرشەکانی شەوی ڕابردوو بەهێزتر بوون لە هێرشە ئاسمانییەکانی پێرێ شەو کە ئەویش بە هەمانشێوە لە وەڵامی هێرشی ئێران بوو بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی لە هوورمز.
خستنەخوارەوەی درۆنەکانی ئێران
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە لەبارەی تێکشکاندنی هێرشە درۆنییەکانەوە ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا و بەحرەین 9 درۆنی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە، کە ئاڕاستەی هێزەکانی ئەمریکا لە بەحرەین کرابوون.
بیستنی دەنگی تەقینەوە لە ناوخۆی ئێران
هاوكات تەلەڤزیۆنی ئێران بڵاویکردەوە، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە شاری سیریک لە پارێزگای هورمزگان و دوورگەی قشم بیستراوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا