سوپای ئیسرائیل: هێرشمان کردە سەر باشووری سووریا و ژمارەیەک چەکدارمان کوشت

بەهزاد ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
سەربازانی ئیسرائیل لە قونەیتەرەی سووریا
سەربازانی ئیسرائیل لە قونەیتەرەی سووریا

سوپای ئیسرائیل ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازیی لە باشووری سووریا و کوژرانی ژمارەیەک چەکداری لە ناوچەی پشتێنەی ئەمنی ڕاگەیاند. هاوکات ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئاژانسی سانا ئاشکرایان کردووە کە هێزەکانی ئیسرائیل چەندین ئۆپەراسیۆنی زەمینی و ئاسمانییان لە گوندەوارەکانی دەرعا و قونەیتەرە ئەنجامداوە.

کوژرانی چەکداران لە پشتێنەی ئەمنی

سوپای ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکانی بۆ سەر باشووری سووریا ڕایگەیاند، هێرشێکیان لە باشووری سووریا ئەنجامداوە و لەو شوێنە کە بە "ناوچەی پشتێنەی ئەمنی" ناویان برد ژمارەیەک چەکداریان کوشتووە.

بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکان و ئامانجی هێرشەکە

سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکی کورتدا ئاماژەیان بەوە کردووە، بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لەو ناوچەیە، کە مەبەست لێی نەهێشتنی هەڕەشەکانە بۆ سەر هاووڵاتیانی سڤیل و سەربازانی ئیسرائیل، سوپاکە هیچ ئاماژەیەکیان بە ژمارەی کوژراوان نەکردووە و نەیانگوتووە سەر بە چ لایەن یان گرووپێکن.

شەش ئۆپەراسیۆنی جیاواز لە سووریا

پێشتریش ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە گوندەوارەکانی دەرعا و قونەیتەرە سوپای ئیسرائیل 6 ئۆپەراسیۆنی جیاجیایان ئەنجامداوە.

شێوازی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکان

بەگوێرەی ڕوانگە ئۆپەراسیۆنەکان پێکهاتبوون لە هەڵکوتانە سەر ماڵەکان، دانانی خاڵە سەربازییە کاتییەکان و لێپرسینەوە لە هاووڵاتیانی سڤیل و دەستگیرکردنی ژمارەیەکیان.

چالاکیی چڕی درۆنەکانی ئیسرائیل

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەبارەی فراوانبوونی بازنەی هێرشەکانەوە ڕایگەیاند، ئەمەش هاوکان بوو لەگەڵ چالاکیی چڕی درۆن لە ناوچەکە، کە بە گوتەی ئەوان ڕەنگدانەوەی فراوانبوونی بازنەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلە لە ناوچە سنوورییەکانی سووریا.

چوونی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان بۆ ناو شارۆچکەکان

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا 'سانا' بڵاویکردەوە، ئێوارەی ڕۆژی هەینی 19 ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئیسرائیل چوونەتە ناو 3 شارۆچکەی گوندەوارەکانی دەرعا و قونەیتەرەوە و هەڵیانکوتایە سەر چەند ماڵێک و پشکنیویانن.

بەهزاد ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا