وەزارەتی دەرەوەی ئێران: هێرشەکانی ئەمریکا پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنەکەیە
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیێنراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکای بۆ سەر خاکەکەی کرد و بە پێشێلکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی دانا. تاران جەختی لەسەر مافی خۆی بۆ بەرگریکردن لە سەروەریی نەتەوەیی و یەکپارچەیی خاکەکەی کردەوە.
سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئەمریکا
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیێنراوێکدا لەبارەی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکاوە ڕایگەیاند، "هێرشەکان پێشێلکردنی خاڵی یەکەمی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە بووە".
پێشێلکردنی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان
لە ڕاگەیێنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە، هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئەمریکا بۆ سەر چەندین دامەزراوە لە کەناراوەکانی باشووری وڵاتەکەمان پێشێلکردنی بەندی 4ی پەیماننامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بووە.
بەرپرسیارێتیی ئەنجوومەنی ئاسایش
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایش بە بەرپرسیاری چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەگوێرەی ماددەی 51ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەزانێت.
جەختکردنەوە لەسەر بەرگریکردن لە سەروەریی خاک
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکان نیشانیدا کە ئەمریکا کەمترین بەها بۆ بەڵێنەکانی دانانێت و پەیمانشکێنی بەشێکە لە سروشتی ئەم ڕژێمە و بۆیە ئێران جەخت لەسەر ئیرادەی خۆی بۆ بەرگریکردن لە سەروەریی نەتەوەیی و یەکپارچەیی خاکەکەی لە بەرامبەر دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکاتەوە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا