سوپای پاسداران: هەشت بنکەی ئەمریکامان لە ناوچەکە بە ئامانج گرت

سامیا حەسەن 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ژمارەیەک درۆن و مووشەکی ئێران لە کاتی هەڵداندا
ژمارەیەک درۆن و مووشەکی ئێران لە کاتی هەڵداندا

سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە بە مووشەکی بالیستیک و درۆن، 8 بنکە و ژێرخانی سەربازیی ئەمریکایان لە کوەیت و بەحرەین بە ئامانج گرتووە. تاران هۆشداریدەدات کە هەر پێشێلکارییەکی دیکەی کەشتیوانی لە گەرووی هوورمز، ڕووبەڕووی وەڵامی توندتری هێزە دەریاییەکانیان دەبێتەوە.

بۆردوومانکردنی بنکەکانی ئەمریکا

سوپای پاسدارانی ئێران لەبارەی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکاوە ڕایگەیاند، بە درۆن و مووشەک هەشت بنکەی ئەمریکایان لە ناوچەکە بە ئامانج گرتووە و هەر پێشێلکارییەکی دیکەی کەشتیوانی وەڵامی توندتری دەبێت.

دیاریکردنی شوێنی هێرشەکان

لە ڕاگەیەندراوێکدا سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەشت ئامانج و ژێرخانی گرنگی ئەمریکایان لە بنکەکانی عەلی سالم لە کوەیت و بەندەری سەلام لە بەحرەین بە ئامانج گرتووە.

هۆکاری ئەنجامدانی هێرشەکان

سوپای پاسدارانی ئێران لەبارەی هۆکاری هێرشەکانەوە ڕایگەیاند، هێرشەکان لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی ئەمریکا بووە کە درەنگانی شەوی ڕابردوو کردیە سەر پێنج ناوەند لە کەناراوەکانی ئێران.

ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوەی کەشتییەکان

لە ڕاگەیەندراوەکەی سوپای پاسدارانی ئێراندا هاتووە، بەگوێرەی بەندەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە ئیدارەدان و هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هوورمز بە ئاگاداری و هاوکاریی ئێران دەبێت و بۆیە لە ئەگەری هەر پێشێلکارییەکی دیکەی کەشتیوانی لە گەرووەکە ڕووبەڕووی وەڵامی توندی هێزە دەریاییەکانمان دەبێتەوە.

هەڵوێستی ئێران لەسەر یاداشتنامەکە

سوپای پاسدارانی ئێران لەبارەی پابەندبوون بە یاداشتنامەکەوە ڕایگەیاند، با ئەمریکا و دوژمنانیان بزانن هێرشەکان پێچەوانەی خاڵی یەکەمی یاداشتنامەکە بووە بۆیە پێشێلکردن و وەستانی خاڵێکی یاداشتەکە بە واتای وەستانی تەواوی خاڵەکانی یاداشتنامەکە لەلایەن ئێرانەوە دێت.

تێپەڕینی کەشتییەکان بە ڕێڕەوە نوێیەکەدا

لە کاتێکدایە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییە گیرخواردووەکانی گەرووی هوورمز بە ڕێڕەوێکی نوێدا بەبێ ئاگادارکردنەوەی ئێران بە گەرووەکەدا تێپەڕیون و دوای ئەوە سوپای پاسدارانی ئێرانیش هۆشداری دا و ڕایگەیاند، ئەگەر ئەو کەشتییانە بێ مۆڵەتی ئەوان بیانەوێت گەرووەکە تێپەڕێنن ئەوا ڕووبەڕوویان دەبنەوە.

سامیا حەسەن

2 کاتژمێر پێش ئێستا