ئێران هێرشی کردە سەر کوەیت و بەحرەین؛ ترەمپ: ئێران هەرگيز فێر نابێت

رۆزا حیسام 2 کاتژمێر پێش ئێستا
بەرزبوونەوەی دووکەڵی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کوەیت. فۆتۆ: AFP
بەرزبوونەوەی دووکەڵی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کوەیت. فۆتۆ: AFP

کوەیت و بەحرەین ڕایانگەیاند کە سیستمی بەرگریی ئاسمانییان وەڵامی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێرانی داوەتەوە و ئەمریکاش وەک کاردانەوە پێگەکانی ئێرانی بۆردوومان کرد. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی توند دەداتە تاران و دەڵێت لە ئەگەری بەردەوامیی هێرشەکاندا کۆماری ئیسلامی بوونی نامێنێت.

وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران

بەیانیی ئەمڕۆ کوەیت و بەحرەین لەبارەی هێرشەکانی سەر وڵاتەکەیانەوە ڕایانگەیاند، ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەریان و سیستمی بەرگریی وڵاتەکانیان وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە.

چالاکبوونی سیستمی بەرگریی کوەیت

سوپای کوەیت بەیانیی ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، دەنگی ئەو تەقینەوانەی لە وڵاتەکە دەبیسترێت وەڵامی سیستمی بەرگریی وڵاتەکەیە بۆ ئەو هێرشە درۆنی و مووشەکییانەی دەکرێتە سەریان.

سەرکۆنەکردنی هێرشەکان لەلایەن کوەیتەوە

هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی کوەیت لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران دەکەن بۆ سەر کوەیت و لەبارەی لێکەوتەکانی هێرشەکەوە ڕایگەیاند، "ئەو هێرشانە پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتەکەیە و هەڕەشەی ڕاستەوخۆن بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی دانیشتووانەکەی".

ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل لە بەحرەین

هاوکات، فەرماندەی گشتیی هێزی بەرگریی بەحرەین لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، ئێران لە ڕێگەی هێرشەکانی بە درۆن و مووشەک خەڵکی سڤیلی وڵاتەکە دەکاتە ئامانج.

پشتڕاستکردنەوەی هێرشەکان لەلایەن ئەمریکاوە

بەرپرسێکی ئەمریکیش بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی لەبارەی هێرشەکانی ئێرانەوە ڕایگەیاندووە، ئێران هێرشی کردووەتە سەر بەحرەین و کوەیت و ژمارەیەک مووشەک و درۆنی بۆ ئەو دوو وڵاتە هەڵداوە.

نەبوونی زیان لە دامەزراوەکانی ئەمریکا

ناوبراو لەبارەی زیانەکانی هێرشەکەوە ڕایگەیاندووە، هێرشەکە زیانی بە دامەزراوەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەگەیاندووە و هیچ قوربانییەکیشی لێنەکەوتووەتەوە.

بۆردوومانکردنی پێگەکانی ئێران لەلایەن واشنتنەوە

هاوکات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستەوە جارێکی دیکە، فڕۆکەکانی ئەمریکا پێگەکانی هەڵگرتنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و شوێنەکانی ڕاداری کەنار دەریاکانیان کردووەتەوە ئامانج.

هۆشداریدانی ترەمپ بە ناچاربوونی وڵاتەکەی

دۆناڵد ترەمپ لەبارەی هەڵوێستی ئێرانییەکانەوە ڕایگەیاند، "ئێرانییەکان هەرگیز فێر نابن، ڕەنگە ئەوەش هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی واشنتن ناچار بێت لە ڕووی سەربازییەوە ئەو کارە تەواو بکات کە دەستیان پێکردووە".

هەڕەشەی لەناوچوونی کۆماری ئیسلامی

سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئەگەری فراوانبوونی ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانەوە ڕایگەیاند، "ئەگەر ئەوە ڕووبدات کۆماری ئیسلامیی ئێران بوونی نامێنێت".

رۆزا حیسام

2 کاتژمێر پێش ئێستا