لە ناوچەى سەوزى بەغداد ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتار بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکران

ئارام قەرەداغی 3 کاتژمێر پێش ئێستا
گۆشەیەکی لە هەڵمەتی دەستگیرکردنی پەرلەمانتاران بە تۆمەتی گەندەڵی لە ناوچەی سەوزی بەغداد
گۆشەیەکی لە هەڵمەتی دەستگیرکردنی پەرلەمانتاران بە تۆمەتی گەندەڵی لە ناوچەی سەوزی بەغداد

لە هەڵمەتێکی هاوبەشی دژەتیرۆر و سوپا و هێزە ئەمنییەکانی دیکە لە ناوچەی سەوزی بەغداد ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتاری ئێستا و پێشوو و سەرکردەی سیاسی و ڕاوێژکار دەستگیر کران، هەروەها فەرمانی دەستگیرکردن و قەدەغەی گەشتکردن بۆ ژمارەیەکی دیکە دەرکراوە.

شڵەژانی دۆخی ئەمنیی ناوچەی سەوز

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی حوزەیران ناوچەی سەوزی بەغداد کە بارەگا سەرەکییەکانی دەوڵەت و کونسوڵخانەی وڵاتان و ماڵی زۆرێک لە بەرپرسانی لێیە، دوای چەند ساڵێک ئارامی بووە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ پاسەوانی چەند بەرپرس و پەرلەمانتارێک.

ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە کاتی دەستگیرکردنەکاندا

پەیامنێری کەناڵ8 لە بەغداد لەبارەی ڕووداوەکانی بەغداد و شڵەژانی دۆخەکەوە ڕایگەیاند، لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک بەرپرس ڕووبەڕووبوونەوە ڕوویداوە، ناوچەی سەوزی بەغداد شڵەژاوە، ئەوانەی فەرمانی گرتنیان هەبووە ژمارەیەکیان دەستگیرکراون و ئۆپراسیۆنەکە تاوەکو ئێستا کۆتایی نەهاتووە.

گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندی ئەمنی

پەیامنێری کەناڵ8 لەبارەی بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمنییەکانەوە ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەم هەڵمەتەدا، ڕێوشوێنی توندی ئەمنی لە دەوروبەری ناوچەی سەوز گیراوەتەبەر و سەرجەم دەروازەکان بەڕووی هاتوچۆدا داخراون، هێزێکی زۆری ئەمنی لە شەقامەکانی بەغداد بڵاوبووەتەوە.

کۆکردنەوەی چەک و دەستبەسەرداگرتنی موڵکی گەندەڵکاران

عەلی زەیدی لە کارنامەی حکومەتەکەیدا لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییەوە ڕایگەیاند، کاردەکات بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، و لە ماوەی ڕابردووشدا عەدنان جومەیلی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت دەستگیرکرا و دەست بەسەر ملیاران دینار و خانوو و موڵکیدا گیرا لە پارێزگاکانی بەغداد، سەڵاحەدین و هەولێر.

گەورەترین ئۆپراسیۆنی دژەگەندەڵی لە عێراق

ئۆپراسیۆنەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە گەورەترین ئۆپراسیۆن دادەنرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بەجۆرێک لە ئۆپراسیۆنەکەدا بەرپرس و سەرکردەی وەها دەستگیرکراوە کە پێشتر بە بیری خۆی و هاونیشتمانییانیشدا نەهاتووە کە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیربکرێت.

هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتی بۆ گەندەڵی لە عێراق

عێراق ساڵانێکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە یەکێک لەو وڵاتانە ناوزەند دەکرێت کە گەندەڵی تێیدا لە ئاستێکی بەرزدایە؛ ئەم هەڵمەتەش وەک بەشێک لە هەوڵەکانی دەسەڵاتی دادوەری و حکومەت بۆ لێپرسینەوە لە بەرپرسانی باڵا سەیر دەکرێت.

ئارام قەرەداغی

3 کاتژمێر پێش ئێستا