نەتانیاهوو: بە قوڵایی 10 کیلۆمەتر لە خاکی لوبنان دەمێنینەوە؛ چارەنووسی ڕێککەوتنی لوبنان و ئیسرائیل ناڕوونە

بەهزاد ئەحمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کاتی لێدوانی بۆ رۆژنامەوانان
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کاتی لێدوانی بۆ رۆژنامەوانان

سەرەڕای واژۆکردنی ڕێککەوتنی چوارچێوە لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان بە سەرپەرشتیی ئەمریکا، لێکدانەوەی جیاواز بۆ بەندەکانی هەیە. لە کاتێکدا لوبنان چاوەڕێی کشانەوەی تەواوی سوپای ئیسرائیل دەکات، تەلئەڤیڤ جەخت لە مانەوەی هێزەکانی لە پشتێنەی ئەمنیدا دەکاتەوە و حیزبوڵاش ڕێککەوتنەکە بە شکست ناودەبات و هۆشداریی جەنگی ناوخۆ دەدات.

لێکدانەوەی جیاواز بۆ ڕێککەوتنی چوارچێوە

ماوەی 2 ڕۆژە ڕێککەوتنی چوارچێوە لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان و بە سەرپەرشتیی ئەمریکا واژۆکراوە، بەڵام هاوشێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران، لێکدانەوەی جیاواز بۆ ڕێککەوتنەکە هەیە، چاوەڕوانییەکانی حکومەتی لوبنان بەو ئاڕاستەن کە سوپای ئیسرائیل لە خاکەکەی بکشێتەوە و بەرپرسانی تەلئەڤیڤیش جەخت لەوە دەکەنەوە لەو ناوچانەی لوبنان دەمێننەوە، کە ناویان لێناوە پشتێنەی ئەمنی، لەولاشەوە حیزبوڵای لوبنان سەرلەبەری ئەو ڕێککەوتنە ڕەتدەکاتەوە و هۆشداری دەدەن لە هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆ لە وڵاتەکە، بەمجۆرەش چارەنووسی ئەو ڕێککەوتنە بە ناڕوونی ماوەتەوە.

ڕوونکردنەوەکەی نەتانیاهوو لەبەردەم نەخشەی لوبنان

ئێوارەی دوێنێ بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبەردەم نەخشەیەکی لوبناندا ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەی ڕوونکردەوە، بەگوێرەی نەتانیاهوو ئەوان بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر لە ناو خاکی لوبنان دەمێننەوە، ئەم ناوچانەش بە پشتێنەی ئەمنی ناودەبەن، لەبارەی مەرجی مانەوەی هێزەکانیشیانەوە ڕایگەیاند تاوەکو یەک چەکداری حیزبوڵا بمێنێت ئەوان لەو ناوچانە دەمێننەوە.

ستایشکردنی ڕێککەوتنەکە لەلایەن تەلئەڤیڤەوە

بنیامین نەتانیاهوو ستایشی ڕێککەوتنەکەی کرد و بە دەستکەوتێکی مێژوویی و گورزێکی کوشندە لە ئێران و حیزبوڵا ناوی برد و لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، هەریەکە لە ئەمریکا و لوبنان دانیان بە مافی ئیسرائیلدا ناوە بۆ مانەوە و پاراستنی ناوچەی پشتێنەی ئەمنی لە ناو خاکی لوبنان، تا ئەو کاتەی کە پێویست بێت بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل.

ڕوونکردنەوەی هێڵە سنوورییەکان

بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی هێڵە سنوورییەکانی سەر نەخشەکەوە ڕایگەیاند، هێڵە ڕەشەکە سنووری نێودەوڵەتیی ئێمەیە لەگەڵ لوبنان، زەردەکەش هێڵی پشتێنەی ئەمنییە، لێرەدا گۆڕانکارییەکی بچووک هەبوو، ئەمە ناوچەی تاقیکارییە، بەتەواوی لە دەرەوەی پشتێنەی ئەمنییە، کە سوپاکەمان پێویستی پێیان نییە، هەر بۆیە لەو ناوچانە کشاونەتەوە، زۆر بەسادەیی، ئیسرائیل لە ناوچەی پشتێنەی ئەمنیی زەرددا بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر دەمێنێتەوە.

دەستکەوتی مێژوویی و لاوازکردنی حیزبوڵا

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی ئامانجە ستراتیژییەکانی وڵاتەکەیەوە ڕایگەیاند، "ئەم ڕێککەوتنەی ئیسرائیل و لوبنان دەستکەوتێکی مێژووییە و بەهێزمان دەکات، ئێران و حیزبوڵاش لاواز دەکات، لە دەریاوە تا ئوردن، هیچ بوارێک بۆ دوو دەوڵەتی نییە، ئێمەش بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی هەر کارێکی پێویست بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ دانیشتووانی باکوور، هەروەک چۆن لە باشوور سەرکەوتووانە ئەو کارەمان کرد".

داواکاریی سەرۆکایەتیی لوبنان لە ترەمپ

لەولاشەوە هێشتا هیچ نەبووە، باس و خواسی یەکدی تۆمەتبارکردن بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە هاتووەتە ئاراوە، سەرۆکایەتیی لوبنان ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە جۆزێف عەون، سەرۆکی وڵاتەکە بە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای ڕاگەیاندووە کە هیوادارە واشنتن یارمەتییان بدات بۆ ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی "ڕێککەوتنی چوارچێوە" لەگەڵ ئیسرائیل و دڵنیابوونەوە لە پابەندبوون بەو بەڵێنانەی لەسەری ڕێککەوتوون.

داوای گوشارکردن لەسەر ئیسرائیل

عەون لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ترەمپی ئاگادار کردەوە کە لوبنان بەرپرسیارێتیی خۆی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی چوارچێوە لەگەڵ ئیسرائیلدا دەپارێزێت و لە بەرامبەردا داوای لە ئەمریکا کردووە فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ کشانەوە لە ناوچەکانی باشووری لوبنان.

جیاوازیی تێڕوانینی بەیرووت و تەلئەڤیڤ

دەسەڵاتدارانی لوبنان هەر لە سەرەتاوە بەوجۆرە خوێندنەوەیان بۆ ڕێککەوتنەکە کردووە، کە ئیسرائیل لە خاکەکەیان دەکشێتەوە و ئەوانیش وردە وردە کار دەکەن بۆ سەپاندنی دەسەڵات و گەڕاندنەوەی سەروەریی خاکەکەیان و لەچەکداماڵینی حیزبوڵا و گرووپە چەکدارەکانی دیکە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل تەنیا باس لە کشانەوەی تاقیکاری دەکەن لە دوو گوندی بچووک و نەتانیاهوو لەبارەی هۆکاری کشانەوە لەو گوندانەوە ڕایگەیاند، ئەو شوێنانە سوپاکەمان ئیشی پێیان نەماوە بۆیە دەکشێینەوە لێیان.

هەڵوێستی ناوخۆیی حیزبوڵا

لەسەر ئاستی ناوخۆش حیزبوڵای لوبنان بە توندی دانوستان و ڕێککەوتنی حکومەتی لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل ڕەتدەکاتەوە، لەبری ئەوە داوا دەکات دەسەڵاتداران پشت بە دانوستانەکانی تاران و واشنتن ببەستن، کە بریتین لە لێکتێگەیشتنێک کە لە نێوان هەردوولادا واژۆکراوە بۆ وەستاندنی شەڕ لە لوبنان.

ڕەتکردنەوەی ڕێککەوتنەکە لەلایەن نەعیم قاسمەوە

نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵای لوبنان، لەبارەی ناوەرۆکی ڕێککەوتنەکەوە ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی چوارچێوە بە "شکستێکی ترسناک"، "سازشکردن لەسەر سەروەری" و "پوچەڵ" ناودەبات.

هۆشداریدان لە دروستبوونی شەڕی ناوخۆ

هەروەها حەسەن فەزڵوڵا، پەرلەمانتاری حیزبوڵای لوبنان هۆشداریدا لەوەی کە ڕێککەوتنەکە تەنیا لە ڕێگەی "شەڕی ناوخۆ"وە دەتوانرێت بسەپێنرێت، هەروەها نەبی بەڕی، سەرۆکی پەرلەمان و کەسی نزیک لە حیزبوڵا هۆشداریدا لە دروستبوونی ناکۆکیی تایفەگەری و شەڕی ناوخۆ، لایەنگرانی حیزبوڵای لوبنانیش ڕژانە سەر شەقامەکانی بەیرووت و ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی چوارچێوە.

بەهزاد ئەحمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا