دوای 39 ساڵ هێشتا شوێنەواری چەکە کۆکوژەکەی بەعس بە جەستەی ڕزگاربووانی سەردەشتەوە دیارە

سامیا حەسەن 4 کاتژمێر پێش ئێستا
دوای 39 ساڵ هێشتا شوێنەواری چەکە کۆکوژەکەی بەعس بە جەستەی ڕزگاربووانی سەردەشتەوە دیارە
دوای 39 ساڵ هێشتا شوێنەواری چەکە کۆکوژەکەی بەعس بە جەستەی ڕزگاربووانی سەردەشتەوە دیارە

دوای تێپەڕبوونی 39 ساڵ بەسەر هێرشە کیمیاییەکەی ڕژێمی بەعس بۆ سەر شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕزگاربووان و شایەتحاڵانی کارەساتەکە هێشتا بەدەست ئازار و لێکەوتە تەندروستییەکانی ئەو چەکە کۆکوژەوە دەناڵێنن و یادەوەرییە تاڵەکانی ئەو ڕۆژە دەگێڕنەوە.

گەواهیی کۆستەکە لە زاری ڕزگاربووانەوە

ئیبراهیم عەبدی، یەکێک لە بەرکەوتووانی کیمیابارانی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەو هێرشەوە ڕایگەیاند، دوای 39 ساڵ هێشتا شوێنەوار و کاریگەرییەکانی چەکە کۆکوژەکە بە جەستەیەوە دیارە و بە زەحمەت لە مردن ڕزگاری بووە، هەروەها بە چاوی خۆی کەسوکار و هاوڕێ و دۆستەکانی بینیوە کە بەهۆی کیمیاییەکەوە گیانیان سپاردووە.

برینێکی قووڵ لە دڵی سەردەشتدا

له‌ 28ی حوزەیرانی ساڵی 1987 حکومەتی عێراق بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر شارەکە و برینێکی قووڵی بۆ هەمیشە لە دڵی خەڵکی شارەکە دروست کرد، ڕزگاربووانی ئەو هێرشە لەبارەی دۆخی تەندروستیی خۆیانەوە دەڵێن، تووشی چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆر بوون و لەو ساتەوە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە دۆخی ئاساییی ژیانی خۆیان.

ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە کاتی هێرشەکەدا

حاجی ڕەحیم کەریمی واحید، یەکێکی دیکەیە لە ڕزگاربووان و شایەتحاڵانی ڕووداوەکە و ئێستاش ئەندامی ئەنجوومەنی داکۆکی لە مافی بریندارانی کیمیابارانی سەردەشتە، لەبارەی ژمارەی دانیشتووانی شارەکەوە لەو سەردەمەدا گوتی، ئەو کاتەی شارەکە کیمیاباران کرا 20 بۆ 25 هەزار کەسی تێدا دەژیا.

ئاماری قوربانیانی کیمیابارانی سەردەشت

بە گوێرەی ئەنجوومەنەکە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشەکەوە گیانیان لەدەستدا نزیکەی 140 کەس و بریندارانیش نزیکەی 8 هەزار کەس بوون و زۆرینەی قوربانییەکانیش ژن و منداڵ و بەساڵاچوو بوون.

لێکەوتە تەندروستییەکانی چەکی کیمیایی

زۆرێک لە قوربانییەکانی سەردەشت بە درێژایی 39 ساڵی ڕابردوو بەهۆی تووشبوونیان بە کێشە جۆراوجۆرەکانەوە وەکو کێشەکانی سی و هەناسەدان و چاو و پێست و لاوازبوونی سیستمی بەرگریی لەشیان گیانیان لەدەستدا، هەندێکی دیکەشیان تاوەکو ئێستا بەدەست ئازارەوە دەناڵێنن.

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر کارەساتەکە

دوای هێرشەکە کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشەکەی سەردەشتی بە یەکەمین هێرشی کیمیایی بۆ سەر شارێک لە دوای هێرۆشیمای ژاپۆن ناساند، بەڵام ڕووداوەکە بەهۆی جەنگ و پشتیوانیی کۆمەڵێک وڵات لە حکومەتی ئەو کاتەی عێراق، کاردانەوەیەکی زۆری نەبوو.

سامیا حەسەن

4 کاتژمێر پێش ئێستا